Fahrettin İbrahim
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە میانی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤مینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکۆماری فەڕنسا، سەرۆکی بولگاریا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبوویەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، دوێنێ دووشەممە، بەرھەم ساڵح لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووتەوە.

ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەرھەم ساڵح جەختی لە خواستی عێراق کردووەتەوە لە بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵ فەڕەنسا لە سەرجەم بوارەکاندا، ھاوکات ئاماژەی بە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش کردووەتەوە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا بکات.
بەرھەم ساڵح و ئیمانوێل ماکرۆن ھەروەھا گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیھانیان تاوتوێ کردووە.

بڵاویشیکردووەتەوە کە هەر لە پەراوێزی دیدارەکانی، سەرکۆماری عێراق لە نیویۆرک، هەمان رۆژ لەگەڵ سەرۆکی بولگاریا، رومن رادیڤ کۆبووەتەوەوە و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان و پرسە ھاوبەشەکان گفتوگۆیان کردووە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە وێستگەیەکی دیکەی دیدارەکانی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، دیدار و کۆبوونەوە بووە لەگەڵ هەر یەک لە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکل و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا ئاماژە بەوەدراوە کە بەرهەم ساڵح لە دیدارەکانیدا جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی تەواوی ھەوڵەکان کردووەتەوە لە پێناو ھێنانە کایەی ئاشتی و ئاسایش و بەرجەستەکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
