Heman Hussein Yaseen
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەبۆنەی ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە پەیام و کارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە ھەموو کاتێک بەھێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە لە خەبات و تێکۆشانیدا بەردەوامە.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی-دا ھاتووە "بە بۆنەی ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی رابەری نیشتمانییمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەکەم".
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی روحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و ھیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لە پێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە رەواکانیدا. مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاک و گەلی کوردستان و سازشنەکردنە لەسەر پرسە کوردستانییەکان لەژێر ھەر گوشارێکدا بێت. پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، ھەمیشە لەگەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی راستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانی-یە".
مەسرور بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە پەیام و کارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە ھەموو کاتێک بەھێزترن و لە پەیامەکەدا ھاتووە "ئەمڕۆش کە یادی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، پەیام و کارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە ھەموو کاتێک بەھێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە لە خەبات و تێکۆشانیدا بەردەوامە. شانازییەکی گەورەی بەدیھاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی ھەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە".
لە کۆتایی پەیامەکەشدا ھاتووە "بێگومان کاروانی خەبات و تیکۆشانی پارتی، لە پێشڕەوایەتیکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان، بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووریی و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ، پارتی زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان و ھەموو ھەوڵێکیش دەخاتەگەڕ لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، لەم یادەدا بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی دامەزرێنەری پارتی و باوکی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر و شەھیدی سەرکردەی ھەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە".