رۆژی ٢٠١٦/١٢/٨ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای بوودجەی بۆ ساڵی ٢٠١٧ ـی پەسەند کرد و ئەمەش نیگەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە بە هۆی ئەوەی لەم پڕۆژە یاسایەدا زوڵم لە هەرێمی کوردستان کراوە، پسپۆڕێکی یاسای دەستووریش پێی وایە ئەو پڕۆژە یاسایە لە بنەڕەتدا بە قۆناغە یاساییەکاندا تێپەڕنەبووە، هەر بۆیەش ئەو مافە ناداتە هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کە تانە لە پڕۆژە یاساکە بدات.
پسپۆڕی یاسای دەستووری، دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ پەسندکردنی یاسای بوودجە لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا، دەبێت سەرەتا جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە فیدراڵیەت واتا دابەشکردنی دەسەڵات و دارایی لە دەوڵەتدا، چڕکردنەوەی دەسەڵات و چڕکردنەوەی دارایی لای دەسەڵاتە فیدراڵییەکان پێچەوانەی بنەمای فیدراڵیەتە، بەتایبەتی ئەگەر فیدراڵییەت، فیدراڵیەتێکی نەتەوەیی یان فیدراڵی جوگرافیی مێژوویی بێت".
ئەو پسپۆڕەی بواری یاسای دەستووری ئاماژە بەوە دەکات کە پەسەندکردنی بوودجە بە شێوەیەکی تاکلایەنانە و بەبێ چاودێری بەشی دووەمی پەرلەمان لە سیستەمی فیدڕاڵیدا کە نوێنەرایەتی هەرێم و پارێزگاکان دەکات، ئەمە یاسایەکی ناتەواوە و لەمبارەیەوە گوتی: "تاکلایەنە بڕیاردان لەسەر پەسەندکردنی بوودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراق بەبێ چاودێری و کارایی بەشی دووەمی پەرلەمان لە سیستەمی فیدڕاڵیدا کە نوێنەرایەتی ھەرێمەکان یان پارێزگاکان دەکات خۆی لەخۆیدا یاسایەکی ناتەواوە، بۆیە بە تێڕوانینی من ئەو پڕۆژە یاسایەی بوودجە کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە، ھێشتا قۆناغە یاساییەکانی بەتەواوی نەبڕیووە، ناتەواوە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە یاساییەکانی ھەرێم و لە نەبوونی ژووری دووەمی پەرلەمان کە نوێنەرایەتی راستەقینەی سەروەری ھەرێمی کوردستان دەکات، رەخنەگرتنی راستەوخۆی ھەرێمی کوردستان لەکاتی گفتوگۆی یاساکە و لە دوای پەسەندکردنیشی لە پەرلەمان، بە تێگەیشتنی من ئەو مافە ناداتە دەوڵەتی ئیتیحادی یان پەرلەمانتار کە بچێت تانە لەو یاسایە بدات، چونکە ئەم یاسایە تەوافوق و سازان و لێکتێگەیشتنی لەسەر نییە".
سەبارەت بە هەبوونی دەقێکی یاسایی کە هەرلایەنێک پابەندی یاسای بوودجە نەبێت ئەوا لە رێگای دادگای دەستووری پابەند بکرێت بەجێبەجێ کردنی لەمبارەیەوە دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی گوتی: "ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە داڕشتنی یاساوە ھەیە دەبێت رێککەوتنی ھەر دوولایەنی لەسەر بکرێت، واتا دەبێت ھەردوولا، حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری رێکبکەون، ئەگەر ھەردوولا رێککەوتنییان لەسەری نەبێت، ئەوا دادگای دەستووری دەرگای کراوەیە بۆھەر تانەیەک، بەڵام لەوێ ئەم وێنەیە وەھا وەرناگیرێت کە پێیان وابێت دەقی یاساکە چۆنە ئەوا دادگای دەستووری بەو شێوەیە بڕیاری لەسەر دەدات، ئەم تێگەیشتنە دروست نییە بۆیە جەخت لەوە دەکەمەوە، ھەر کاتێک ناکۆکییەک ھەبێت لە نێوان حکوومەتێکی ناوەندی و دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان دەق لەیاسادا ھەبێت یاخود نەبێت بەگوێرەی دەستوور و عورفی دەستووری ھەرلایەک بۆی ھەیە پەنا بباتە بەر دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئایا ئەم یاسای بوودجەیە شەرعییەت دەداتە دەسەڵاتی ناوەندی ئەگەر حکوومەت پابەندە داراییەکانی خۆی یان پابەندە یاساییەکانی بەگوێرەی ئەم یاسایە جێبەجێ نەکرد ماف دەداتە دەسەڵاتی فیدڕاڵی کە بچێت سکاڵا لە حکوومەتی ھەرێم بکات، هەرچەندە بە بۆچوونی من ئەو سکاڵایە بنەمایەکی یاسایی پتەوی نییە چونکە لە بنەڕەتدا نەبوونی رەزامەندی و نەبوونی قبوڵکردن و نەبوونی ئیرادەی سەروەری سیاسەتی ھەرێمی کوردستانی تێدایە، ئەمە بەگوێرەی ئەو زانیارییە یاساییانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ـەوە تاکو ئێستا دەرچوونە، بەگوێرەی ئەو پێشینە یاسایی و دارایی و ئابوورییانەی لەو کاتەوە تاکو ئێستا ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەم پرسە بچێتە دادگای فیدڕاڵیش لە رێگەی پەرلەمانتار یاخود سەرۆکایەتی پەرلەمان یاخود ھەر پارتێکی سیاسی، دادگای فیدڕاڵی تەنھا لەسەر بنەمای یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧ بڕیار نادات، بەڵکو بۆ پێشینە دەستووری و یاساییەکان دەگەڕێتەوە کە ئایا ئەگەر لایەنێک رەزامەند نەبێت بە جێبەجێکردنی ماف و پێدانی بە لایەنەکەی دیکە، ئایا مافە یاسایی و داراییەکانی چییە لەسەری، بۆیە ئەو وێنەیەی کە پێی وایە دەقێکی نوسیووە لە بەرامبەر رادەستکردنی بڕی ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەبەرامبەر پێدانی پشکی بوودجە و ئەگەر نەوتەکەت نەنارد ئیتر منیش دەچم داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەم و من براوە دەبم، لە راستیدا وێنە گشتی و یاسایی و دەستووریەکە بەو شێوەیە نییە کە ئەو ھیوا و ئاواتەی لەسەر ھەڵبچنرێت".
ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستووری پێی وایە حکوومەتی عێراق ناتوانێت هیچ رێککارێک بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر و هاوکات ئاماژە بەوە دەکات لە کاتی هەبوونی هەر گرفتێک ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ یاسا کارپێکراوەکانی ساڵی ٢٠٠٥ و لەمبارەیەوە دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی گوتی: "حکوومەتی عێراق ناتوانێت ھیچ رێککارێک لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان بگرێتە بەر، بەگوێرەی دەستوور و بەگوێرەی یاسای دادگای فیدڕاڵی رێککار و رێوشوێنی خۆی ھەیە ئەویش لە دوای پێشکەشکردنی داوا بەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو ئەرکە یاساییە جیبەجێ ناکات، ئەمە لە شێوەی داوایەک دەچێت بۆ ئەو دەسەڵاتە و لەوێش بەراورد و ھاوسەنگی دەکرێت و بەدوادچوونی بۆ دەکرێت بەوەی ماف بەکامە لایەنە، بەڵام بوونی ئەم دەقە ھەبێت یان نەبێت ھەر کاتێک کە ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان هەبێت، ئەوا مەرجەعی سەرەکی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییە، دەستوور و عورفی دەستووری و ئەو یاسا کارپێکراوانەیە کە لە ٢٠٠٥ـەوە تاکو ئێستا کاریان پێ دەکرێت، بۆیە بە بۆچوونی من پێموانییە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەندە باری لاسەنگ بێت، لە دەستووری پەسەندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ زۆر بە روونی دابەشکردنی دەسەڵات و داھاتەکانی کردووە کە بەگوێرەی ماددەکانی ناو ئەو دەستوورە، حکوومەتی فیدڕاڵی بەھیچ شێوەیەک ناتوانێت رێگە لە ھەناردەکردنی نەوت بگرێت لەو شوێنەی کە پێی دەگوترێت باشووری کوردستان".
سەبارەت بە چارەنووسی نەوتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستووری ئاماژە بەوە دەکات کە پێشووتر مافێکی یاسایی بە هەرێمی کوردستان دراوە بۆ بابەتی فرۆشتنی نەوت و لەمبارەیەوە گوتی: "تاوەکو ساڵی ٢٠٠٧ مافێکی یاسایی دراوە بە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو دەقە یاساییە لە بەغدا جێبەجێ نەبووە، ئەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراق بەپلەی یەکەم لێی بەرپرسە نەک ھەرێمی کوردستان، ئەمە بەگوێرەی دەستوور، بۆیە ئەوەش مافێکی زیاتر دەداتە ھەرێمی کوردستان کە لەو شوێنەی پێی دەگوترێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەرووی جوگرافی و مێژوویەوە ماف و پێشینە بۆ دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستانە نەک بۆ دەسەڵاتی ناوەندی، چونکە دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی راپەڕاندن تا ساڵی ٢٠٠٧ ئەرکێکی لەسەرشان بووە، پێویست بوو مافێک یەکلایی بکاتەوە، بەھۆکاری سیاسی و پاساوی جۆربەجۆر، لەبەر دەمارگیری و توندڕەویی مەزھەبی، لەبەر قسەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن ئێمە رێگەمان نەدا کە ماددەی ١٤٠ ی دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەمە ھەموو پێشینەیە، لە یاسا و لە دادگا بەڵگەی سەلمێنەرە و ماف دەداتە ھەرێمی کوردستان کە مافەکانی خۆی لە رووی نیشتمانیی، داھات، دارایی، خەڵک و سەروەرییەوە بەسەر ئەو شوێنانە بچەسپێنێت، مادام حکوومەتی فیدڕاڵی بە بەڵگەی سەلمێنەر لەسەر بنەمای قسەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن ئێمە نەمانھێشت ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت و دەستووریان پێشێلکردووە، بۆیە پێشێلکردنی دەستوور ماف لەو دەسەڵاتە دەستێنێتەوە کە ئەو دەسەڵاتەی پێشێلکردووە و دەیداتە لایەنی بەرامبەر کە بۆ پەیڕەوکردنی مافەکانی لەو شوێنەیە، بۆیە گریمان ئەگەر بڕیاری دادگاش دەربچێت ئەوە بڕیارێکی سیاسی دەبێت، بڕیارێکی یاسایی تەواو و راست نابێت کە لەسەر بنەمای ماف و دادپەروەری و رەزامەندی ھەردوولا بێت کە پێشتر لەسەری رێککەوتوون".
news_share_descriptionsubscription_contact

