Sarmand Hameed
11 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، فوئاد حوسێن كۆبوونەوەیەک لەبارەی پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو .
بەپێی راگەیەندراوی رۆژنامەوانی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، لە كۆبوونەوەکەدا كە رێكخەری گشتی كاروباری پارێزگاكان، تورهان موفتی و بریكاری وەزارەتی دارایی و ژمارەیەک لە پارێزگاران و سەرۆكی فەرمانگەكانی دارایی لە وەزارەتەكانی حكوومەتی عیراق ونوێنەرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پێداویستیەكانی هەموو ئەو لایەنانە باسی لێوە كرا كە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون، هاوكات تیشك خرایە سەر دووبارە دیراسەكردنی پرۆژەیاسای بوودجە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێكار بەر لەوەی ئەم پرۆژەیە بخرێتە گفتوگۆ لە لایەن حكوومەتەوە.
جێی باسە پرۆژە یاسای بوودجەی 2019 لە لایەن حكوومەتی پێشووەوە ئامادە كرابوو ولەم بارەیەوە جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق دووپاتی لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم یاسایە كرد لە ژێر رۆشنایی ئەو پرۆگرامە حكوومییەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی جەختی لەسەر كردووەتەوە كە پشت بە هەبوونی بناغەیەكی پتەو بۆ بونیادنان و ئاوەدانكردەوە و پێشکەشكردنی خزمەتگوزاری و وەستان لە دژی گەندەڵی دەبەستێت.