Azat Muhammet
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
بەرپرسى مەکتەبی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێمن هەورامى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شاندێکى باڵاى پارتى سەردانى سەردانى سلێمانى دەکات و بە جیا لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێتیى نیشتمانیى و بزوتنەوەى ئیسلامى کۆدەبێتەوە لە کۆبوونەوەکانیدا پارتى ناوەڕۆکى پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى بۆ لایەنەکان دەخاتەڕوو، و بۆچوون و پڕۆژەى لایەنەکان گەنگەشە دەکەن بۆ ئەوەى چارەسەرێک بۆ دۆخ و گوزەرانى هاووڵاتییانى هەرێم بدۆزینەوە، دۆخى چەقبەستووى هەرێمى کوردستان پێویستى بە پڕۆژەیەکى هەمەلایەنەى لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەوەى بگەینە سازانێکى سیاسى و بەسەر کێشە و گیر و گرفتەکان زاڵ بین".
بەرپرسى مەکتەبی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى گوتیشى: "ئەو بابەتانەى لەسەردانەکەى پارتى بۆ لای لایەنەکان لە سلێمانى برتین لە لێک نزیک بوونەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها سەرۆکایەتیەکى نوێ بۆ پەرلەمانى هەرێم هەڵبژێردرێت لە هەمان کاتیشدا پێداچوونەوەیەک بە پێکهاتەى کابینەى بنکە فراوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت، ئەم هەوڵەى پارتى دیموکراتى کوردستان تەنها بۆ چارەسەر کردنى دۆخى سیاسىی هەرێمە، بە پێویستى دەزانین تەواوى گیروگرفتەکان چارەسەر بکرێن و گوزەرانى خەڵک باشتر بێت".
سەبارەت بەوەى لە سەردانەکەى پارتى بۆ لایەنەکان باس لە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان دەکرێت؟ لە وەڵامدا بەرپرسى مەکتەبی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دەڵێت: "بێگومان بەڵێ، لە سەردانەکەمان باس لە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان دەکەین و دەرگا لە بەردەم لایەنە سیاسییەکانى هەرێم کراوەیە بۆ ئەوەى کۆببننەوە و بگەنە سازان لەسەر دەست نیشانکردنى کاندید بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان".
هەورامی روونیشیکردەوە کە بابەتى پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى نوێ بۆ پەرلەمانى کوردستان و کارا کردنەوەى و سازانى لایەنە سیاسییەکان نەک تەنها پارتى دیموکراتى کوردستان باسى لێوە دەکات بەڵکو بابەتى گەرمى نێو کۆڕ و کۆبوونەوەى نێو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانە، تا ئێستا بە گەرمى پێشوازى لە پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ چارەسەرکردنى دۆخى هەرێمى کوردستان ئەمجارە زیاتر لە هەموو جارێک گەشبینترین بە کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم. بە ئومێدین هەموو لایەنەکان لەسەر چارەسەکردنى کێشەکان رێکبکەون.
لە ٢٠ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى لە پەیامێکدا داواى لە هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان کرد رێکبکەون لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان تا هەڵبژاردنى داهاتوو و سەرۆکایەتیەکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن و پێداچوونەوەیش بە هەیکەلى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکرێتەوە.
بۆ جێبەچیکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی بارزانی، پارتى دیموکراتى کوردستان لەرێگای شاندێکى باڵاوە سەردانى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمی دەستپێکرد و تاکو ئێستاش لەگەڵ زۆرینەى لایەنە و پێکهاتەکان کۆبوونەتەوە.