Dlshad Saifaalddin Ahmed
05 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە هۆڵی تایتانیك لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكومی لە شارەكە، سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی راگەیاند.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، عومەر گوڵپی لە بارەی پڕۆژەكەوە بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە گوتی: "پڕۆژەكە بەهاوكاری چەند رێكخراوێكی شارەزا بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و لە میانی سێ ساڵدا بە شێوەیەكی ئەزموونی كارمان لەسەر كردووە، پڕۆژەكە دەگەڕێت بە دوای دۆزینەوەی خێزان و لانەیەكی ئارام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی منداڵ".
عومەر گوڵپی گوتی: "لە میانی سێ ساڵدا و بە هۆی ئەوەی یەكەمجارە سیستمەكە لە هەرێم بەڕێوەدەچێت بە شێوەیەكی خاو بەڕێوەچووە، لەو ماوەیەدا 39 خێزان تۆماركراون و بوونەتە خێزانی جێگرەوە، هەروەها 18 خێزانی تریش گەیشتوونەتە قۆناغی پەسەندكردن و 11 منداڵ رەوانەی خێزانە جێگرەوەكان كراون".
ئەو منداڵانەی لە خێزانی جێگرەوە وەرگیراون تەمەنیان لە خوار چوار ساڵانەوە بووە، ئەوانەش بەدەست كێشە خێزانییەكان یان لەدەستدانی چاودێری دایك یان باوك گرفتار بوون، بۆ قۆناغی داهاتووش هەموو ئەو منداڵانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە و تەمەنیان نەگەیشتووەتە 18 ساڵان لە پڕۆژەكەدا تۆمار دەكرێن.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی سەركەوتنی پڕۆژەكەی لە قۆناغی یەكەمدا بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ شارەكە و هەرێمی كوردستان و عێراق ئەژمار كرد.
لە لای خۆیەوە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، كوێستان محەمەد جەختی كردەوە لەسەر پێویستی كاركردنی وەزارەتەكەی بۆ گرتنەبەری باشترین میكانیزم و رێكار بۆ پەروەردەكردنی منداڵان و خێزان و كۆمەڵگەیەكی تەندروست، یەك لەو رێكارانەش پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەیە.
كوێستان محەمەد لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە گوتی: "لە داهاتوودا كار دەكەین لە رێگەی رێكخراوە هاوكارەكانەوە بۆ گواستنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ هەولێر و دهۆك و شارەكانی تر، هەوڵیش دەدەین پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە خێزانی جێگرەوە لە پەرلەمان دەربكەین".