Heman Hussein Yaseen Yaseen
04 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان کە لە شاری دھۆک بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیاییدا رایگەیاند کە ئەوان لە خەم و ژانی ئێزدییەکان تێدەگەن و دووپاتیشکردەوە کە ئێزدیاتی، شنگال، لالش و شەرفەدین لە کوردستان جیانابنەوە. داوای ئاوەدانکردنەوەی شنگالیشی کرد و راشیگەیاند کە نابێت ھیچ گرووپ و حزبێک، ببێتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکەکەی و پێویستە ناوچەکە سەقامگیر بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست دابین بکرێت.
ھەورەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەلێت ئیزدییەکان یەکێک لە پێکھاتەکانی وڵاتی ئێمەن. ئامانجی دوژمنان ئەوەیە ئەوان (ئیزدییەکان) لە وڵاتی خۆیان دەربکرێن و لە کولتووری خۆیان دوور بکەونەوە و لە بیر بکرێن".
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێزدییان بە درێژایی مێژوو دەیان کارەساتیان بەسەردا ھاتووە، بەڵام ئەوان بەھێز و بیروباوەڕی خۆیان بەرگریان کردووە و دەستبەرداری خاک و بیروباوەڕی خۆیان نەبوون، ئەمڕۆ یادی شکۆداری قوربانییانی قێزەوەنترین تاوان دەکەینەوە کە ھیچ کەس لەبیری ئەوەدا نەبوو لە سەدەی بیست و یەکدا تاوانێکی لەو شێوەیە رووبدات، هەر بۆیە بە قوربانییەکان دەڵێین ھەرگیز لە بیرمان ناچن".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لەگەڵ ئەو ھەموو کارەسات و فەرمانەی بەسەریاندا ھاتووە، ئێزدی وەکو کولتوورێکی زیندووی پێکەوەژیان لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان، لەسەر خاکی خۆیان ماون و بۆ ھەتا ھەتایەش دەمێنن، ئەوان دەمێنن و لالش و مەزاری شەرفەدین دەپارێزن، ئەو جینۆسایدەی لەلایەن داعشەوە بەسەر ئێزدیاندا ھات، شتێکی کەموێنەیە کە تا ئێستا ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ و سەدان گۆڕی دیکەش دۆزراونەتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی بەسەر ئێزدیاندا ھات گەورەترین تاوان بوو، بە جۆرێک ٣٦٠ ھەزار ئێزدی ئاوارە بوون، ٦٧ مەزاری ئێزدیان تەقێندرانەوە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئێزدی ئاوارەی دنیا بوون، ئەوە رەشترین کارەساتە لە مێژوودا، بەڵام ھیچ یەکێک لەوانە نەیانتوانیووە ئێزدی و کوردستان لە یەک جیابکەنەوە. ئێزدییەکان کۆنترین پێکھاتەی سەر خاکی وڵاتەکەمانن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی ئێزدی لە خاکی خۆیان لەژێر سێبەری لالش بمێننەوە و راشیگەیاند کە ئێزدیاتی، لالش و شەرەفەدین لە کوردستان جیانابنەوە و جەختیشی لەوەکردەوە کە دوای کارەساتی شنگال، کاریان بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان دەستپێکرد و دوای کارەساتەکەش لەگەڵ میری ئێزدیان میر تەحسین بەگ و جاڤاتی رۆحانی لە دھۆک کۆبوونەتەوە و نووسینگەیەکیان بۆ رزگارکردنی ژنان و کچانی ئێزدی دامەزراندووە و توانراوە دووهەزار و ٢٢٥ ژن و کچ و هەزار و ٢٨٤ پیاو رزگار بکەن و ئاشکرایشی کرد کە هێشتا هەزار و ٣٢٣ ژن و هەزار و ٦٨٦ پیاو چارەنووسیان نادیارە.
هەر لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ھاوکاربن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێزدییەکان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان لە ناوچەکانیان بکەنەوە، هەر دوێنێش پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێی ئابی وەکو رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییان دیاریکرد، ھیوادارین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەمان کار بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە کاردەکەن بۆ بە پارێزگاکردنی شنگال و گوتی: "نابێت ھیچ حزبێک و گرووپێک ببێتە ھۆی رێگریکردن لە گەڕانەوەی خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی، پێویستە چارەسەرێک بۆ رەوشی شنگال بدۆزرێتەوە و سندوقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابمەزرێت و ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی ھەیە بەشداری تیادا بکات، بەردەوامیش کار بۆ ئەوە دەکەین شنگال بکرێتە پارێزگا".