Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2018
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر و نوێنەرانی پڕۆگرامی قودرەی هەرێمیی، شەش پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی راگەیەنران کە بوودجەکەیان دەگاتە نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن دینار.
پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر دوای ئیمزاکردنی پڕۆژەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانی یەکێتی ئەورووپایە بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەکان لە ئەمڕۆوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی دەبن".
پارێزگاری سلێمانی لە بارەی پڕۆژەکانەوە، گوتی: "پڕۆژەکان بریتین لە پرۆژەی راکێشانی سێ ڤیدەری کارەبا و دانانی محاویلە لە سلێمانی، دروستکردنی بیری قووڵ و ژووری ئامێری موزەخانە لە دەڤەری راپەرین، پەرەپێدان و رەخساندنی کەشێکی باش بۆ سەنتەری گەشەپێدانی منداڵان و سەنتەری ھەماھەنگی فریاگوزاری ١٢٢ بۆ فریاکەوتنی خێرا بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ، نۆژەنکردنەوەی ھێڵی ئاو لە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی سلێمانی و ڕاکێشانی سیستمی ئاوەڕۆ لە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی شارەوانییەکان".
ھەڤاڵ ئەبوبەکر ھەروەھا گوتی: "ئەمە تەواوکەری ئەو پڕۆژانەیە کە یەکێتی ئەورووپا لە ڤەیسی یەکەمدا سێ پڕۆژەی تری جێبەجێ کردووە و ئەمڕۆش ئەو شەش پڕۆژەیە جێبەجێ دەکات، لەو سەردانەی ئێمەش بۆ یەکێتی ئەورووپا و بەلجیکا لە ھەفتەی رابردوو بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەیان دا، پێشتریش ڕێکخراوی NDP بەڵینی چوار پرۆژەی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی داوە کە ئەمساڵ لە سلێمانی جێبەجێی بکەن ئەوانیش بریتین لە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای ناو شاری سلێمانی، دروستکردنی دوو تانکی ئاو و راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ گوندی ١٢٠، راکێشانی تۆری ئاو بۆ گوندی کەنە سوورە، پاککردنەوەی مەنھۆلی تۆڕی باراناوی ئاوەڕۆی پارێزگای سلێمانی".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵێنیان وەرگرتووە لە پەرلەمان و یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی بەشدار لەو پەیمانەی تایبەتە بە پارێزگا و شارەوانییەکانی ئەورووپا کە سێ پارێزگاکەی ھەرێمیش بوونەتە ئەندام تیایدا کە ھەماھەنگی تر ھەبێت لە بواری وزەی جێگرەوە و سەوزکردنی شارەکان و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی کارەبا و باشکردنی خزمەتگوزاری سێکتەرەکانی ئاو و رێگاوبانەکان و کەرتی تەندروستی.