Dlshad Saifaalddin Ahmed
31 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی - AA
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە گەیشتنی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و وردەكاری و كەموكوڕییەكانی پڕۆژە یاساكە، هەروەها كاریگەری سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و كاردانەوەكانی لەسەر عێراق دەكات.
بڕی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 لە پڕۆژە یاساكەدا زیاتر لە 132 ترلیۆن دینار دیاری كراوە، هەروەها بڕی داهاتی عێراق بە 105 ترلیۆن دیاری كراوە كە بڕی 93 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و 12 ترلیۆن دیناری تری داهاتی تری ولاتەكەیە جگە لە نەوت، كورتهێنانیش گەیشتووەتە 26 ترلیۆن و 700 ملیار دینار.
ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت کە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتووەتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و كۆپییەكی ئەو پڕۆژەیەی بەدەست گەیشتووە، دوای دیاریكردنی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژی شەشی مانگی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆكردن و تاوتوێكرنی پڕۆژە یاساكە دەكەن و دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و گوتی:
"پڕۆژە یاساكە هەندێك كەموكوڕی لەنێودایە بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی كە سەڵاحیاتیان بۆ نەگواستونەتەوە و پارەكانیان زۆر كەم دیارە، هەندێك پارێزگای تر كە سەڵاحیاتی هەشت وەزارەتی بۆ گواستراوەتەوە لەئێستادا بوودجەیەكی زۆر زەبەلاحی لەبەردەستدایە و ئەوەش لای پەرلەمانتاران روون نییە، هەروەها ئەو پارێزگایانەش كە بڕی پارەی پترۆدۆلاریان بۆ دانراوە لە پشكەكەیان رازی نین".
سەبارەت بە تێبینی كورد لەسەر پڕۆژە یاساكە و كەموكوڕییەكانی پڕۆژەكە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەحمەد حاجی رەشید گوتی: "لە بارەی كوردەوە هەمان گیروگرفتەكانی ساڵانی رابردوو لەنێو پڕۆژە یاساكەدا هەیە و خوازیارین بتوانین بۆچوونی وەزیری دارایی وەربگرین تا بزانین ئەم پڕۆژە یاسایە بە رەزامەندی ئەوان هاتووە یان نەخێر ئاگایان لە پڕۆژەكە نییە، لەكاتێكدا ئەم پڕۆژە یاسایە پڕۆژەی یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانە و هەر بڕیارێك لەو ئەنجوومەنەوە دەدرێت هەموو وەزیرەكانی لەگەڵە.
پشكی كورد بە 12 ترلیۆن 670 ملیار دینار دیاریكراوە كە ساڵی پار لاماندا، بەڵام ئەمساڵ دانراوەتەوە. لە هەمان كاتدا باس لە پارێزگاكانی باكوور دەكات كە ئەوەش گرفتێكی ترە، گرفتێكی تریش پشكی پێشمەرگە تا ئێستا بەو شێوە مەتاتیەی هەیە ماوەتەوە، هەروەها پشكی كۆمپانیا نەوتییەكان بە 136 ملیار دانراوە كە ئەوەش پەیامێكمان دەداتێ بەوەی كە ئەگەر نەوت رادەستی حكوومەتی ئیتیحادی بكرێتەوە پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان دەدەم، هەروەها حكوومەتی هەرێم پابەند دەكات بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە، بەڵام بڕگەیەكی تر زیادكراوە كە هەر زیادەیەك لەسەروو ئەوەوە بێت جارێكی تر دەبێت بگاتەوە خەزێنەی ئیتیحادی، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێتەوە كە دەبێت هەردوو حكوومەتی هەرێم و ئیتیحادی بگەنە رێكکەوتن".
بەپێی دواین ئاماری بانكی ناوەندی بڕی یەدەگی دراوی فیدراڵی 60 ملیار دۆلارە، ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە گوتی:" ئەو یەدەگە جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام گرفتێك هەیە، ئێمە یەدەگی نەختیمان زیادی كردووە، بەڵام لەهەمان كاتدا بڕی قەرزەكانیشمان زیادی كردووە، لەوە تێناگەم كە لەكاتێكدا یەدەگی نەختیمان زیاد دەكات لەهەمانكاتیشدا لەناو بوودجەدا بڕی زیاتر قەرز دەكرێت كە ئەوەش پێچەوانەی سیاسەتەکانی دارایی و سیاسەتی نەختییە".
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا قۆناغێكی تری گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمریكاش پێشوەختە ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێران مامەڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەیە ئاگاداركردووەتەوە بە راگرتنی مامەڵەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەحمەد حاجی رەشید لە بارەی كاریگەری و كاردانەوەی ئەو سزایانە لەسەر عێراق قسەی كرد و گوتی: "ئابووری عێراق گرێدراوە بە ئابووری چواردەوەری خۆیەوە چ ئابووری توركیا یان ئابووری ئێران و وڵاتانی دوورتر بێت كە چین و هەندێك وڵاتی ترە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت لەكاتێكدا كە ئێران نەتوانێت بازاڕی عێراق بەكاربهێنێت چونكە بازاڕی ساغبوونەوەی كاڵای ئێرانییە، بۆیە ئەگەر نەتوانێت كاڵاكانی ساغ بكاتەوە ئەوا ئەو كارگە ئێرانیانەی كاڵا و کەلوپەل بەرهەم دەهێنن ناتوانن ساغی بكەنەوە.
هەروەها كۆمپانیاكانی ئێران پێویستیان بە دراوی قورس هەیە بۆ كڕینی مەوادی ئەوەلی ئەم دراوەشیان دەست ناكەوێت، كەواتە ئەمەش گرفت بۆ ئێران و بۆ عێراق-یش دروست دەكات".
ئەو هەروەها گوتی: "عێراق ناچارە پابەند بێت بەو گەمارۆیەی دەخرێتە سەر ئێران، چونكە دەوڵەتێكە ناتوانێت لەژێر هەژموونی ئەمریكا دەربچێت كە ئامادەیی هەیە و دەتوانێت لە رێگەی دامودەزگا نێودەوڵەتییەكانەوە ئازاری عێراق بدات، بە هۆی بڕیارەكەوە خاڵە سنوورییە رەسمیەكان پابەند دەبن بە راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام ناتواندرێت خاڵە ناڕەسمییەكان پابەند بكرێن و كاڵا لەو سنوورانەوە بە ناڕەسمی دێتە ناو عێراقەوە".