Hemin Hüseyin
27 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2018
هەولێر-AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، زانا روستایی رایگەیاند، لایەنە شیعەکان بە کۆمەڵێک لیستی جیاوازەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان و دواتریش وەک هەمیشە کۆدەبنەوە و هاوپەیمانییەتییەک دروست دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتێکی زۆرینە پێکبهێنن و سوننەکانیش پەرت و بڵاون لەناو کۆمەڵێک هاوپەیمان و پارتی سیاسییدا.
زانا روستایی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو بووە، ئێستا کۆمسیۆن بە پێی ئەو خشتەیەی دایناوە دەستیکردووە بە وردبینیکردنی ناوی پاڵێوراوان کە بڕیارە لە ١٢ی نیسان بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکات و یەک مانگ دواتر هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت. لایەنە شیعەکان بە کۆمەڵێک لیستی جیاوازەوە هاتوونەتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان عادەتیان وایە کۆدەبنەوە و هاوپەیمانیەتییەک پێکدەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتێکی زۆرینە دروست بکەن، سوننەکانیش پەرت و بڵاون لەناو کۆمەڵێک هاوپەیمانیی و حزبی سیاسییدا، ئەوانیش مەترسی هەیە لەسەر لەدەستدانی ژمارەیەک لە کورسییەکانییان بەتایبەتی لە مووسڵ و هەندێک شوێنی دیکە".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، زانا روستایی گوتیشی: "سەبارەت بە لایەنە کوردییەکانیش، ئێمە لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، مەترسیمان لەسەر نییە و کورسییەکانمان پارێزراون، بەڵکو ٢٠ کورسی ئێمە وەکو هاوپەیمانی کوردستانی کە لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە، مەترسیان لەسەرە. چونکە لە رابردوودا ئێمە بە دەسەڵاتەوە لەو شوێنانە بووین و توانیمان ئەو ژمارە کورسییە بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا هەرێم دەسەڵاتی نییە و لایەنە کوردییەکان بە یەکرێزی نەچوونەتە ناو هەڵبژاردنەکان، بۆیە رەنگە ئەم ژمارەیە بەدەست نەهێنینەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی راشیگەیاند کە کێشەی بەردەوامی کورد لە رووی جوگرافیاوە لەگەڵ سوننەکان بووە و بە پێویستتی دەزانێت کورد سزای سیاسیی هاوپەیمانی نیشتمانی بدات و گوتی: "ئێمە نابێت حساباتی خۆمان بینا بکەین لەسەر زەرەر و زیانی ئەوانەی بەرامبەرمان، سوننەکان قازانج بکەن یان زەرەر بکەن، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵام ئەگەر ئێمە بە یەکڕیزی بچینە ناو هەڵبژاردەنەکان، ئەوا هەموو لایەنەکان مامەڵەیەکی دیکەمان لەگەڵدا دەکەن، بەڵام کێشەی بەردەوامی کورد لە رووی زەوی و جوگرافیاوە لەگەڵ لایەنە سوننەکان بووە، بە بۆچوونی ئێمە، لەرابردوودا کورد هاوپەیمانی شیعەکان بووە و پێویستە لە داهاتوودا ببێتە هاوپەیمانی سوننەکان و هەوڵبدات لێیان نزیک ببێتەوە و خاڵی هاوبەشمان زیاد بکەین، ئەگەر لەبەر هیچیش نەبێت ئەوا لەبەر سزادانی هاوپەیمانی نیشتمانی کە لە خولەکانی رابردوودا کێشەی زۆریان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەبووە".
زانا روستایی ئاماژە بەوەش دەکات کە کورد لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کورسی مسۆگەری هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی دیالە و کەرکووک و نەینەوا کورسییەکانییان مەترسی لەسەرە و گوتی: "ئێمە ژمارەیەک کورسی مسۆگەرمان هەیە لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، بەڵام کورسیمان هەیە لە دیالە و کەرکووک ونەینەوا کە ئەوانە مەترسییان لەسەرە و و بەگشتی ترسی ئەوەمان هەیە پێنج کورسی لە دەست بدەین کە ئیستا ٦٤ کورسیمان هەیە".
سەبارەت بە کێشەی بوودجەی عێراق و پشکی هەرێم ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، زانا روستایی گوتی: "سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانە لەسەر بوودجە، ئەم هەفتەیە لیژنەی دارایی بەردەوام لە کۆبوونەوەدابووە بۆ دەستکاریکردنی بڕگەکان، بەڵام هیچ بڕگەیەک دەستکاری نەکراوە و پڕۆژەکە هەروەک خۆیەتی کە حکوومەت ناردویەتی، داخوازی هەرێمی کوردستانی تیادا جێبەجێنەکراوە و رێژەکەش هەروەک خۆیەتی کە ١٢،٦ دانراوە، واتا نە بە پێی داخوازی ئێمە کراوەتە ١٧ لەسەدا و نە بە پێی هەندێک پێشنیاز بۆ دۆزینەوەی چارەسەری مامناوند کە بکرێتە ١٤ لەسەدا، بۆیە ئەگەر هەروا بمێنێتەوە ئەوا ئێمە وەکو لایەنە کوردستانییەکان بڕیارمانداوە، دانیشتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجە بایکۆت بکەین".