هاوسەرۆکی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی یاساییان لەپەرلەمانی تورکیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەیی رێکخست و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان تەنیا ئەندامی یەک رێکخراون ئەویش پارتی دیموکراتی گەلان، ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراوان تۆمەتبار دەکرێن بە ئەندامێتییان لەرێکخراوی پەکەکە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا کە لە بارەگای کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی لە دیاربەکر بەسترا، دەمیرتاش باسی لەو چالاکیانە کرد کە بەنیازن لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەنجامی بدەن.
دەمیرتاش گوتی: "بەجۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یادی نەورۆز دەکەینەوە نەک بە کەشەوهەوایەکی هاوشێوەی پرسە. ئامادەکاریمان هەیە بۆ نەورۆز لە ٨٢ ناوەندی جیا جیای تورکیادا. کۆمیتەی تایبەتمان پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکیانە و تا ئەمڕۆش لەوبارەیەوە هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە. هیوادارم هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، مۆڵەت بدرێت بە کۆمیتەکان و نەورۆزێکی خۆش بەڕێ بکەین.ئەوەی چاوەڕێی دەکەین ئەمەیە. دەبێت هاووڵاتییانمان بە جۆش و خرۆشەوە ماڵ بەماڵ و گەڕەک بەگەڕەک خۆیان ئاڵوواڵا بکەن، وەک ئەوەی دەچنە ئاهەنگێکی گەورە و لە هەموو شوێنێک بڕژێنە ناو مەیدانی خەباتەوە. ئەو رۆژە دەبێت هەڵپەرکێی ئازادیمان بکەین نەک پرسەی ماتەمینی راگەیەنین".
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە چالاکییەکانی نەورۆز لە دیاربەکرەوە لە ٢١ی ئازار دەست پێ دەکات و دوایین جار لە جزیرە لە ٢٢ی ئازاردا کۆتایی دێت.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا دیار نییە کە ئایا پەیامی ئۆجالان لە نەورۆزدا دێت یان نا و ئاشکراشی کرد کە پێشهاتەکانی رابردوو هەر لەخۆیەوە دروست نەدەبوو بەڵکۆ لە رێی دانوستان و دیالۆگەوە ئەو قۆناغە بەرهەم دەهات.
دەمیرتاش جەختی کردەوە لەوەی کە لە ئێستادا نە دیالۆگ، بوونی هەیە و نە هیچ رێکەوتنێک لەئارادایە. ئەو گوتی: "نزیکەی ساڵێکە کەس نەچووەتە ئیمرالی و هیچ نامەیەکیش لە ئیمرالییەوە نەهێنراوە. لە کاتێکدا هیچ پێشهاتێک لەلای ئێمە لەئارادا نییە و کارێکی گونجاو دەبوو ئەگەر بڵێن لە ئیمرالییەوە پەیامێکتان بۆ دێت. ئەگەر بێت و وەزارەتی داد رێگە بدات پەیامێک بۆ ئیمرالی بنێرین خۆشحاڵ دەبین. گرنگ نییە بابەتەکە هەرچێ بێت بەڵام لە ئێستادا هیچ پێشهاتێک نییە لە نێوان ئێمە و ئیمرالی و دەمەوێت هەموو لایەک ئەمە بزانێت".
لەبارەی پرسیاری 'ئایا راتان چییە لەسەر پێشکەشکردنی داوایەک بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هاوسەرۆکانی جەنابتان و یوکسێک داغ و پەرلەمانتاران ئێرەغروڵ کورکچو، سەلما ئیرماک و سری سریا ئۆندەر'، دەمیرتاشوەڵامی دایەوە کە " هەتا ئەمڕۆ چەندین جار دۆسیەی تەواوی پەرلەمانتارەکان لە وەزارەتی دادەوە رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، واتە یەکەم جار نییە کە دۆسیەی پارێزبەندی بچێتە پەرلەمان، لە سایەی ئەم حکوومەتەوە بە سەدان جار دۆسیەکان رەوانەی پەرلەمان کراون".سەڵاحەدین دەمیرتاش هەروەها گوتی: ''ئەمە تەنها لەبەر ئێمە نا، ئێمە هیچ ترس و نیگەرانییەکی کەسییمان نییە بەڵام تورکیا لەهەوڵی گەڕان بەدوای ئاشتی، دیموکراسی و ئازادیدایە. گورزێکی زۆر گەورە دەبێت لەهەموو ئەو هەوڵانە بەڵام ئەگەر پەرلەمانتاران لە پارێزبەندیی یاسایی ناڕەحەتن، ئەوە ئێمە ئامادەین دەنگ بدەین لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی هەر ٥٥٠ پەرلەمانتارەکە. ئەگەر پارێزبەندیی یاسایی هەموو پەرلەمانتاران هەڵدەگیرێت ئەوە وەک ٥٩ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە ئێمەش دەنگی لەسەر دەدەین. یان ئەگەر نەخێر ئێمە دەکەنە قوربانی و ئەوانەی دزییان کردووە، گەندەڵییان کردووە، بەرتیلیان وەرگرتووە و هەموو جۆرە کارێکی ناشرینیان کردووە، لەپشت قەڵغانی پارێزبەندیی یاساییەوە خۆیان دەشارنەوە و ئێمە بەهۆی بۆچوونەکامانەوە و تەنها بەهۆی گوتەکانمانەوە دەمانکەنە قوربانی، ئیتر ئەوکات ئێمە لێپرسراوێتیی دەرەنجامەکەی هەڵناگرین، دەبێت خۆیان ئەو لیپرسراوێتییە هەڵگرن''.
news_share_descriptionsubscription_contact

