1 23
19 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
پەرلەمانتاری ماردینی هەدەپە میدحه‌د سانجار رایگه‌یاند: "دەستوورێکی هه‌میشه‌یی تەنها کاتێک وه‌دی دێت که ئامانج لێی ئاشتی و ئاشتەوایی بێت. ئێمە پێشنیاری دەستوورێک دەکەین کە ئاشتی و چارەسەریی لەخۆ بگرێت. ئامانجمان دانان و پەسەندکردنی دەستوورێکی لەو جۆرەیە بەزۆرینەی دەنگ".
هه‌ریه‌ک له پەرلەمانتارانی هەدەپە کە ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوورن، میدحه‌د سانجار، مەراڵ دانش بەشتاش، په‌رله‌مانتاری ئیستانبوڵ گارۆ پایڵان و په‌رله‌مانتاری قەرس ئایهان بیلگەن، لەبارەی کاروبارەکانی نووسینەوە و هەموارکردنەوەی دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا له کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانییدا وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
میدحه‌د سانجار ئه‌وه‌ی وهبیرهێنایەوە که لەدوای هەوڵی ئه‌نجامدانی کودەتا له‌لایه‌ن رێکخراوی تیرۆریستیی فه‌تحوڵڵاچییه‌وه لە ١٥ی تەمووزدا، ئاک‌پارتی، جەهەپە و مەهەپە هەوڵەکانیان خستووه‌ته گەڕ به‌مه‌به‌ستی هەموارکردنەوەی دەستوور، جه‌ختیش کرده‌وه بۆ ئەوەی دەستوورێکی بەهێز و هه‌میشه‌یی دابڕێژینەوە پێویستە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەربێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواکاریی زۆرینەی هاووڵاتیان بێت.
سانجار رایگه‌یاند: "پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێگاچارەیەکی سیاسیی بدۆزنەوە. ئەگەر هەر لایەنێک بۆ رێککەوتن نەرمی نواند، پێویستە چاو بەسەر داواکارییەکانیدا بخشێنێتەوە، ره‌نگه دەستبەرداری هەندێک له داواکارییه‌کانیشی ببێت. پێویستە دەستوور کاریگەر و بەشداریکردن کراوه و روون بێت".
لای خۆشییه‌وه مه‌راڵ دانش بەشتاش گوتی: "هەوڵەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور بە پەراوێزخستنی هەدەپە و بەشداری پێنەکردنی نوێنەری کەسانی یەکسانیخواز، ئازادیخواز و لەبەرچاونەگرتنی جیاوازییەکانی کۆمەڵگا نابێتە وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواکارییەکانی هاووڵاتیانمان. کۆبوونەوەی ئەو سێ پارتە پێکه‌وه و لە پشت پەردەوه و نەهێنانە بەرباسی تێڕوانین و هەڵوێستەکانیان بۆ رای گشتی لەگەڵ رۆحی دەستوور ناکۆکە. نابێت لەنووسینەوەی دەستووردا سیاسەتی پەراوێزخستن پەیڕەو بكرێ. دەستوورێک کورد و مافەکانی عەلەوییەکان و ئازادییەکانی ژن نەگرێتە خۆ، نابێتە دەستوورێکی دیموکراسی".
بەشتاش پەراوێزخستنی هەدەپەی بە ناڕەوا لە قەڵەمدا و هەوڵی سێ پارته‌که‌ی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بە وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواستەکانی گەل نەزانی.