Ali Cura,Muhammet Ali Kemal
05 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2018
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمر پوتین ئاشکرایکرد هیچ بەڵگەیەک نییە سەبارەت بەوەی وڵاتەکەی رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە مامناوەند مەوداکانی پێشێلکردووە.
ڤلادیمیر پوتین وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە لەبارەی تۆمەتبارکردنی رووسیا لە لایەن ئەمریکاوە پەیوەست بە رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە مامناوەند مەوداکان.
وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ درەنگ کەوتووە، ڤلادیمیر پوتین گوتی: "سەرەتا لایەنی ئەمریکی رایگەیاند کە لە رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە مامناوەند مەوداکان دەکشێتەوە، دواتر دەستیان بە گەڕان کرد بەدوای بیانوویەکدا کە بۆچی ئەم کارە دەکەن. 'پێشێلکردنی رێککەوتننامەکە لە لایەن ئێمەوە' وەک هۆکاری بنەڕەتیی نیشاندرا، بەڵام وەک هەمیشە هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە سەبارەت بەوەی ئێمە رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە مامناوەند مەوداکانمان پێشێلکردبێت".
ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوەکردەوە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشوەختە بوودجەی بۆ درووستکردنی مووشەک بۆ دوای قۆناغی رێککەوتننامەی هێزە ناوەکییە مامناوەند مەوداکان، تەرخانکردووە و گوتی:
"بڕیارەکە زۆر دەمێک بوو بە بێدەنگیی درابوو. وایانزانی ئێمە هەست بەمە ناکەین. بە بوودجەی پێنتاگۆن ئەم مووشەکانە پەرەپێدەدرێن، بەڵام لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەم روونکردنەوەیە بۆ رایگشتیی، ئەمانە ئاشکرا دەبن. وەک هەنگاوی دوای ئەوەش، پێویست بوو کەسانێک تۆمەتبار بکەن. بە دڵنیاییەوە لای خۆرئاوا، سادەترین و ئاشکراترین تۆمەتبار، رووسیایە. ئەمە بەوجۆرە نییە، ئێمە دژی پێشێلکردنی ئەو رێککەوتننامەیەین. ئەگەر بێت و رووبدات، بە شێوەیەکی گونجاو وەڵام دەدەینەوە".