Hemn Baban
05 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
خۆپیشاندەرانی بەسرە داوای کارەبا، دەرفەتی کار، ئاوی پاک و ژینگەی پاک دەکەن و دەڵێن تا بەدیھێنانی داواکارییەکان بەردەوام دەبن.
خۆپیشاندانەکانی بەسرە کە ناو بەناو دەست پێ دەکاتەوە، دوێنێ سێشەممە لەگەڵ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەسەندکردنی تەواوکاریی کابینەکە و دەنگدان لەسەر ھەشت وەزارەت کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی ماون رژانە سەر شەقامەکان و چەندین دروشمی دژ بە حکوومەتی ناوەندی و خۆجێی بەسرەشیان دەگوتەوە و رێگرشیان لە چەندین وەزیر و بەرپرس کرد و داوایان لە سەرۆکوەزیران کرد ملکەچی داواکارییەکان ببێت.
خۆپیشاندانەکانی بەسرە کە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامیی ھەیە و ناو بەناو دەست پێ دەکاتەوە دوێنێ وەکو ئاماژە و سەرنجڕاکێشانێکی دونیا لەوەی لە بەسرە دەگوزەرێت "ئێلەگی زەرد"یان پۆشی و بەو شێوەیە دەستیان دایە خۆپیشاندان.
یەکێک لە ئەندامی لێژنەکانی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی بەسرە دەڵێت "خۆپیشاندەران خۆیان ئارەزوویان کردووە 'ئێلەگی زەرد' لەبەربکەن، چونکە خۆڕسکانەیە و دەمانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنین کە داواکارییمان ھەیە و ئاشتییانە داوای مافی خۆمان دەکەین".
داواکاریی خۆپیشاندەران بەپێی یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی بەسرە ٢١ داواکاریین و لەسەروویانەوە بەپێی قسەکانی جومعە حەمدانی کە تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کردووە "خۆپیشاندانەکانی بەسرە خۆڕسکانەن و دەستی ھیچ لایەن و حزبێکی تیادا نییە، ئەوەی ھەیە خۆپیشاندەرانی بەسرە، ٢١ داواکارییان ھەیە کە ھەموویان پەیوەستن بەدابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کە بەداخەوە لە پارێزگایەکی وەکو بەسرە کە عێراق لەسەر نەوتی ئەم پارێزگایە دەژییت کەچی بارودۆخی وای لێ ھاتووە خزمەتگوزاریی سەرەتایی تیادا نییە".
جومعە حەمدانی گوتیشی: "خۆپیشاندانەکانی بەسرە بەردەوامیی دەبێت، چونکە بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە و حکوومەتی عێراقیش بەھیچ شێوەیەک بەدەم داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانەوە نەھاتوون و داواکارییەکان جێبەجێ ناکەن، بۆیە تا ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەبێت ھیچ شتێک ئەو خۆپیشاندەرانە بەردەوام دەبن و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن".
بەسرە سێیەم گەورەترین شارەکانی عێراقە، سەنتەری کارگێڕی و سیاسیی پارێزگای بەسرەیە لە باشووری عێراق و لە کەناری رۆژئاوای شەتولعەرەب، یەکەم رێڕەوی ئاوییە لە عێراق و بە پارێزگای ئابووری عێراق دادەنرێت، ژمارەی دانیشتوانەکەی پتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس دەبێت.
قسەکانی جومعە حەمدانی لەکاتێکدایە دوێنێ خۆپیشاندەرانی بەسرە رێگرییان لە چەند بەرپرسێک کرد و خۆپیشاندانەکانیش کوژراوێک و ١٠ برینداری لێ کەوتەوە و چەند رۆژنامەنووسێکیش برینداربوون لەو خۆپیشاندانانە کە گولـلەی تیادا بەکارھات، سەبارەت بەداواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیشەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی دەکاتەوە "ئێمە ٢١ داواکارییمان ھەیە کە سەرەکیترینییان بریتیین لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە، چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری کە زۆر زیادی کردووە و دەرفەتی کار بەتەنھا بۆ بیانییەکانە و ئێمە دەمانەوێت دەرفەتی کار لە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ خەڵکی پارێزگاکە بێت، ئاسمانی پارێزگاکە بە ھۆی نەوتەوە پیس بووە و ژینگەکەی ھەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤ دەکات و تووش بوون بە شێرپەنجە زۆر زیادیکردووە، ھەروەھا دەمانەوێت بەرپرسانی گەندەڵ لە پارێزگا لەسەر کار لابدرێن ئەوانەی چەندین ساڵە خەریکی گەندەڵیین و ئاگایان لە ژیانی خەڵک نییە و تەنھا سەرقاڵی دانی بەڵێنی ناڕاستن".
سەبارەت بە لێکچوونی خۆپیشاندانەکانی بەسرە و فەڕەنسا بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی پاریس بە تایبەت داوای دەرکەوتنی پۆشینی "ئیلەگی زەرد" لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە جومعە حەمدانی لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆزگە دەخوازیین خۆپیشاندانەکانی پاریس بگوازرێتەوە بۆ بەسرە و خەڵکی بەسرە بە ژمارەیەکی زیاتر دەست بدەنە خۆپیشاندان و مانگرتن دەست پێ بکات تا حکوومەت ناچار بە ملکەچ بوون بە داواکارییەکان ببێت".