Muhammet Ali Kemal
23 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆ بایدن، ئاشکرایکرد نیگەرانن لە نزیکبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەی، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین.
جۆ بایدن کە بەمەبەستی قسەکردن لە دژی ئەو پرۆژە یاسا نوێیەی کۆمارییەکان سەبارەت بە دڵنیایی تەندروستیی ئامادەیان کردووە، هاتبووە کۆنگرێسی وڵاتەکەی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتین، مایەی نیگەرانییە.
سەبارەت بە قسەکردن لەسەر لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای) لەبارەی پەیوەندیی نێوان هاوکارە نزیکەکانی ترەمپ و حکوومەتی رووسیا، جۆ بایدن تەنها گوتی: ''بیرکردنەوە لەوەی هێشتا ئەو نزیکبوونەوەیە درێژەی هەیە، مایەی نیگەرانیی زۆرترە''.
جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەخنەی گرت لەچوونی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی رێکس تیلەرسن بۆ مۆسکۆ لەجیاتی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ لە بەلجیکا.
ئەوە ئاشکرا بوو کە وەزیری دادی کابینەکەی ترەمپ، جێف سێشنز، لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، لەهەریەک لە مانگەکانی حوزەیران و ئەیلوولی ساڵی رابردوودا، دوو جار لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتۆن، سێرگی کیسڵیاک کۆبووەتەوە. جێف سێشنز، بەهۆی گوتەکانییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەبارەت بەوەی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ کاربەدەستانی رووسیادا کۆنەبووەتەوە، لەلایەن دیموکراتەکانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرابوو.