Mohammed Baqi Hussein
23 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
له‌نده‌ن - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی بەریتانیا، تێریزا مای رایگه‌یاند، رێكه‌وت نییه له په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی له‌نده‌ندا په‌رله‌مان كراوه‌ته ئامانج.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی دۆخی كتوپڕ كه له ئۆفیسی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، تێریزا مای لهڕوونكردنهوهیهكیدا بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاند، ورده‌كارییه‌كانی په‌لاماره‌كه روونده‌بێته‌وه.
تێریزا مای رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه، په‌لامارده‌ره‌كه بهئوتومبێلهكهی له‌سه‌ر پردی وێستمینسته‌ر ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكیی شێلاوه و له‌ئه‌نجامدا دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون. دواتر په‌لامارده‌ره‌كه چووه‌ته په‌رله‌مانی بەریتانیا و به‌چه‌قۆ په‌لاماری پۆلیسی داوه، دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانی دیكه‌وه كوژراوه.
تێریزا مای گوتی: "تیرۆریسته‌كه دڵی پایتهختهكهمانی كرده ئامانج. له‌نده‌ن شوێنێكه كه خه‌ڵكی له ته‌واوی نه‌ته‌وه، كو‌لتور و ئایینه جیاجیاكان به‌ئازادی، دیموكراسی و ئازادیی راده‌ربڕین تێیدا ده‌ژین. ئه‌و دیموكراسییه‌ی كه په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات به به‌هاكانی وه‌ك ئازادی، مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ریی یاسا، به‌های مرۆڤه ئازاده‌كانی ده‌سته‌به‌ركردووه. له‌به‌رئه‌وه په‌رله‌مان ده‌كرێته ئامانج له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌هایانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه".
تێریزا مای رایگه‌یاند، سبه‌ی په‌رله‌مان ده‌ست به‌كاری ئاسایی خۆی ده‌كاته‌وه و لهندهنییهكان و ئه‌وانه‌ی كه له هه‌ر شوێنێكی جیهانه‌وه سه‌ردانی شاره‌كه ده‌كه‌ن، رۆژێكی ئاسایی به‌ڕێده‌كه‌ن.