لهندهن
شازادە كەیت میدلتۆن هاوسەری شازادە ویلیام كامبریچ دووەمین جێنیشی شاژنی بەریتانیا، منداڵی دەبێت.
بەپێی ئەو روونكردنەوەیەی لە تویتەری كۆشكی كێنسینگنتنەوە كە شوێنی فەرمی مانەوەی شازادە و شاژنە، شازادە كەیت میدلتۆن كاتژمێر 6 بەكاتی لەندەن (كاتژمێر 8 بەكاتی كوردستان) ئەم بەیانییە براوەتە نەخۆشخانەی سانت ماری لە شاری لەندەن. ئەوەش خراوەتە ڕوو كە شازادە كەیت میدلتۆن لە قۆناغی پێشوەختەی لەدایكبوونی كۆرپەكەیدایە و شازادە ویلیام و شاژن پێكەوە بەرەو نەخۆشخانە چوون.
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دەیڤید كامیرۆن لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تویتەر سەبارەت بەم بۆنەیە رایگەیاند: "هیوای باشترین بەخت بۆ شازادە كەیت میدلتۆن دەخوازم كە ئەمرۆ دووەم منداڵی دێنێتە دنیاوە، هەموو بەریتانیا هیوای باشی بۆ دەخوازێت''.
رەگەزی ئەو مناڵە نازانرێت كە ئەمرۆ لەدایك دەبێت و دەبێتە چوارەمین جێنیشی تەختی پاشایەتی لە بەریتانیا. لە دایكبوونی ئەو كۆرپەیە هەم رێگە باوەكانەوە و هەمیش لەرێگەی میدیای كۆمەڵایەتییەوە رادەگەیەنرێت. ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسان بەمەبەستی گرتنی یەكەمین وێنەی ئەو كۆرپەیە لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا چاوەڕوانن و ئەمە لەكاتێكدایە سەبارەت بە رەگەز و ناوی ئەو كۆرپە شاهانەیە و بابەتەكانی دیكە گەمە و گرەوی زۆر لەنێو خەڵكدا كراوە.
بەگوێرەی نەریتەكانی پاشایەتی دوای لەدایكبوونی، رەگەز و كێشی كۆرپەكە لە دۆكیومێنتێكدا كە لەبەردەم كۆشكی پێكینگهام هەڵدەواسرێ و بەو شێوەیە هەمووانی لێ ئاگادار دەكرێنەوە.
لێپرسراوانی كاروباری پاشایەتی ئەم دۆكیومێنتە دەدەنە دەست ئۆتۆمبێلێكی دیاریكراو كە لەبەردەم نەخۆشخانەكەدا لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووساندا چاوەرێ دەكات بۆ ئەوەی دۆكیومێنتەكە بگەیەنێتە كۆشكی پێكینگهام. لەگەڵ گەیشتنی ئەو زانیارییانە بە كۆشكی پێكینگهام، رەگەزی كۆرپەكە رادەگەیەنرێت.
ئەمە جگە لەوەی رۆژنامەنووسانی كۆشكی كێنسینگتن لەرێگەی پۆستی ئەلیكترۆنییەوە و جارێكی دیكە لە رێگەی ئەكاونتی رەسمی تویتەرەوە لەدایكبوونەكە بە فەرمی رادەگەیەنن.
شازادە ویلیام شازادەی كامبریچ و شازادە كەیت میدلتۆن هاوسەری یەكەمین مناڵیان لە 22ی تەموزی 2013دا لە نەخۆشخانەی سانت ماری بووە، ناویان نا ''جۆرج ئەلێكساندەر لویس''.
شازادە كەیت میدلتۆن و شازادە ویلیام كامبریچ لە رێورەسمێكی شایستەدا لە كڵێسای وێستمینستر لە 29ی نیسانی 2001دا چوونە نێو ژیانی هاوسەرییەوە.