Hemın Othman Mohammed
08 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
له‌نده‌ن - AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو، رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت سووریا و عێراق بەتهواوەتیی له داعش پاكبكه‌ینه‌وه، ئه‌وا ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ و ره‌ققا زۆر گرنگن".
دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی باڵای دانوستان، کە له له‌نده‌نی پایته‌ختی بریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌سه‌ر دیدێکی نوێ كرا كه سێ قۆناغ له‌خۆده‌گرێت، مەولود چاوش‌ئۆغڵو كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی سازکرد.
چاوش‌ئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد ئه‌مڕۆ له له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتانەی هەمان بۆچوونیان هەیە كۆبوونه‌ته‌وه و هەوڵی ئەمریکا و رووسیای کە پێکەوە سەرۆکایەتی بابەتی ئاگربەست لە سووریا دەکەن، وه‌بیرهێنایه‌وه.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له‌پێناو چاره‌سه‌رێكی درێژخایه‌نی سیاسیی و ده‌ستپێكی دانوستانه‌كان، ئۆپۆزسیۆن ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵێك زانیاری‌یان خسته‌ڕوو.
مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئه‌و به‌ڵگه و دیدگایه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له له‌نده‌ن خستیانه‌ڕوو، زۆر به‌باشی ئاماده‌كراون و گوتی: "گرنگ جێبه‌جێكردنیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی توانای جێبه‌جێكردنی هه‌بێت، پێویسته هه‌مووان پشتیوانییبكهن. راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ناكرێت قه‌ده‌ری وڵاتێك ببه‌سترێته‌وه بهكهسێكهوه. ههڵویستهكردن له‌سه‌ر كه‌سانێك كه هه‌مووان په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن و پشتیوانییدهكهن دروستتره. لەئێستاوە ئێوه‌ش ده‌یبینن كه ئۆپۆزسیۆن ئه‌سه‌دی به‌لاوه په‌سه‌ند نییه. په‌سه‌ندنه‌كردنی ئه‌سه‌د واتە؛ به‌رده‌وامیی شه‌ڕ و پێكدادان و پشێویی. له‌به‌رئه‌وه پێویسته به كه‌سێكه‌وه نه‌به‌سترێینه‌وه و باس له داهاتووی سووریا بكه‌ین. ئه‌و دیدگایه‌ی ئۆپۆزسیۆن خستوویه‌تییه‌ڕوو ته‌واو ئه‌وه ده‌گرێته‌وه، به‌لای منه‌وه ئه‌وه راستییه‌كه‌یه، به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌شی پشتیوانیی له ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن پێویسته ئه‌وه ببینن".
سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی باس له ئۆپه‌راسیۆنی توركیا و ئه‌مریكا ده‌كه‌ن دژ به‌داعش له ره‌ققا، چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه كرد ره‌ققا بنكه‌ی داعشه له سووریا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر ره‌ققا له داعش پاكنه‌كرێته‌وه ئه‌وا بوونی داعش له سووریا و عێراق درێژه‌ی ده‌بێت و گوتی: "ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت سووریا و عێراق ته‌واو له داعش پاكبكه‌ینه‌وه، ئه‌وا ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ و ره‌ققا زۆر گرنگن. ئێمه له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر پشتیوانیی له هێزه ناوخۆییه‌كان نه‌كه‌ین له گۆڕەپانی جەنگدا و ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینیی ئه‌نجامنه‌درێت، ئه‌وا ناگونجێت لەرێگەی هێرشی ئاسمانییەوە داعش له‌ناو ببرێت، ته‌نانه‌ت ناگونجێت رابگیرێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی لێدوانه‌كانمان بكه‌ن كه له‌به‌رده‌م رای گشتیی و راگه‌یاندندا ده‌یده‌ین، له‌هه‌موو روونكردنهوهكانماندا به‌دیده‌كرێت له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی دژ به داعش پێكهێنراوه و لەكۆبوونهوهكانی گرووپی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی لەسووریا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه كارێك نییه توركیا بتوانێت به تەنها ئه‌نجامیبدات. چاوه‌ڕوانیی ئەوەی توركیا به‌ته‌نها ئه‌و كاره‌بكات شتێكی درووست نییه. زۆر سرووشتییه پشتیوانیی له سوپای سووریای ئازاد و هێزه‌كانی ناوخۆی ئه‌ودیو سنوور بكه‌ین به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌ودیو سنووره‌وه رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه. به‌ڵام پێویسته پلانی تۆكمه دابڕێژرێت بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ره‌ققا و ناوچه‌كانی دیكه. مه‌شق و راهێنان، پڕچه‌ككردن و هێزی تایبەت تەنها كاری ئێمه نییه، پێویسته وڵاتانی دیكه‌ش هاوكاربن. به‌ڕێز سه‌ركۆمارمان ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ زۆرێك له سه‌ركرده جیهانیه‌كان باسكردووه، به‌تایبه‌تی ئۆباما".