Abdullah Shukur
23 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە گفتوگۆکانی ئاشتی شاری جنێڤ پەیوەندیدار بەسووریا کە بڕیارە ئەمڕۆ دەست پێ بکات، لایەنەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆببنەوە.
سێرگی لاڤرۆڤ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، لیۆنارد ئۆکیتوندۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی رێکخست و ھەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەکانی جنێڤی پەیوەندیدار بە سووریا کرد.
لاڤرۆڤ رایگەیاند کە ئاواتەخوازن گشت ئەو لایەنانەی سووریا کە داوەتکراون بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن و گوتیشی: "پێویستە لایەنەکانی سووریا بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن. پشتیوانی لە ھەوڵەکانی ستافان دی میستورا لەمبارەیەوە دەکەین. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە لایەنەکان لە گفتوگۆییەکانی جنێڤدا بەشێوەیەکی راستەوخۆ کۆببنەوە".
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە پرسەکانی وەک ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن، دەستووری نوێ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە گەڕی پێشووی دانوستانەکانی جنێڤ خرابووە بەر باس، گرنگی زۆری دەبێت لە دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە سووریا.
ناوبراو لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە بۆردومانکردنی چەند خاڵێکی دیاریکراو لە سووریا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئەم بابەتە بەپێی کردارەکان ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت نەک بەپێی لێدوانەکان.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاشکراشی کرد کە لە سەردانی پێشووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بۆ شاری مۆسکۆ، لەبارەی ھەماھەنگی سەربازی لەنێوان رووسیا و ئیسرائیل لە سووریا گەیشتوونەتە رێککەوتن. لەمبارەیەوە گوتی: "لە دوا سەردانی ناتانیاھو بۆ رووسیا ئەم رێککەوتنە واژوو کراوە، بەم پێیەش پێویستە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن ئیسرائیل ھەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە بکرێت نەک بەپێی لێدوانەکان".
لەلایەکی دیکەشەوە سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە بەشداری پەیەدە/ پەکەکە لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ بەرگری لەوە کرد کە بەشداری کورد بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ قەیرانی سووریا زۆر گرنگە و گوتی: "ئەنجامدانی ئەمە ئاسان نییە. ھەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە ئاشکرایە. ئێمە لەگەڵ ھاوپەیمانە تورکەکانمان بەردەوام دەبین لە کارکردن".