Hamit Hüseyin
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
دهۆک - AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "لە لایەنى سیاسى و لایەنى سەربازى لە هەماهەنگى و پەیوەندى بەردەوام داین بۆ ئەوەى ئەمریکا و ئەورووپا فشار بخەنە سەر چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە کە چیدیکە رێگر نەبن لە گەڕانەوەى پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ بەرەو سووریا".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ بەمەبەستى پاراستنى سووریا لەلایەن سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان دامەزرێنراوە، ئەم هێزە پەیوەندی بەهیچ پارتێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و سووریا نییە، بەڵکو دانیشتووانى شارو شارۆچکە کوردییەکانى سووریان و هەستى کوردایەتى وایکردووە کە خۆنەویستانە گیان بخەنە سەر دەست بۆ ئەوەى مرۆڤایەتى لە هەڕەشەکانى تیرۆر بپارێزن".
ئیبراهیم برۆ گوتیشى: "ئەگەر لە رابردوودا رێگرییەکانى چەکدارانى پەیەدە نەبووایە پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ پێش دووساڵ دەگەڕایەوە بۆ سووریا، بەڵام پەیەدە هەڕەشەی شەڕى براکوژی کرد لە دژى پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا ئەمریکا نەیویستووە و نایەوێت شەڕ لەنێوان پەیەدە و پێشمەرگە دروست بێت لە سووریا، بۆیە لە چاوەڕوانى دوا هەڵوێستى هاوپەیمانانین بۆ ئەوەى لەشکرى رۆژ بگەڕێتەوە سووریا".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر گەڕانەوەى پێشمەرگەى لەشکرى رۆژ بەرەو سووریا ناکەین، تا ئێستا ئاراممان گرتووە و، پێشمەرگەکانمان لە هەرێمى کوردستان خەباتى کوردایەتى و پێشمەرگایەتى خۆیان دەکەن، بەڵام ئەو پێشمەرگانەیش ئارامییان سنووردارە لەبارەى گەڕانەوەیان، ئەگەر بزانین چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە لەسەر رێگریکردنیان لە گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بەردەوام بێت، ئەوکات بژاردەى دیکەمان دەبێت".
دەشڵێت "لەشکرى رۆژ لە هەرێمى کوردستان لەژێر فەرماندەیی فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان، مسعود بارزانی دایە، ناتۆ وەک بەشێک لە پێشمەرگەی هەرێمى کوردستان مامەڵەی لەگەڵ لەشکری رۆژ کردووە، ئەو مەشق و راهێنانەى سەربازی و دابینکردنى ئەو چەک و تەقەمەنیانەى بۆ پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان دابین دەکرێت، بەشى لەشکرى رۆژیشى تێدایە".
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ ئاماژە دەدات بەکاتى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ و دەڵێت "بەهۆى دۆخى ناهەموارى سیاسى سووریا، تا ئێستا هیچ کاتێک دیار نەکراوە بۆ ئەوەى لەشکرى رۆژ بگەڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لە سووریا کە پێموایە ئەمساڵ دروست دەکرێت، لەشکرى رۆژى سەربە هێزەکانى زێرەڤانى دەگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە، چونکە ناتۆ دەیەوێت بەدروستکردنى ناوچەیەکى ئارام کۆتایی بەدەسەڵاتى چەکدارانى پەیەدە و تیرۆریستانى داعش بێنێت و لە بەرامبەردا لەشکرى رۆژ وەک هێزێکى یاسایی و باوەڕ پێکراو بەشێک لە ناتۆ جێگیر بکات بۆ ئەوەى هەڕەشەى تیرۆر لەسەر هاووڵاتییانى سووریا نەهێڵێت، ئەم هەنگاوەش پێویستى بەهاوکارى زیاترى ناتۆ هەیە لە هەموو روویەکەوە".
- "بەهۆى سیاسەتى چەوتى پەیەدە یەک ملیۆن کورد لە سووریا ئاوارە بوون"
برۆ لە بەشێکى دیکەى لێدوانەکانى باس لە دۆخى سووریا دەکات و گەشبین نییە بەدانیشتنەکانى جنێڤ و پێىوایە کێشەکان چارەسەر نابن و دەڵێت "دواى ئەوەى هەوڵێکى زۆر درا بۆ راگەیاندنى ئاگربەست لە سووریا، کەچى تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە سووریا نەهاتووەتە ئاراوە و لە زۆربەى شوێنەکان ئاگربەست پێشێل دەکرێت، رژێمى سووریا بەئاشکرا تا ئێستا هیچ گەرەنتییەکى راگرتنى شەڕى بەڕووسیا نەداوە و، رووسیاش بێ هەڵوێست بوو لەبەرامبەر ئەم هەوڵەى سووریا، ئەمە دەروازەى نا ئومێدیمانە لە دۆخى سووریا".
ئیبراهیم برۆ گوتى: "پێشێلکارى بەرامبەر بەمافەکانى مرۆڤ لە سووریا لەلایەن رژێمى سووریا و تیرۆریستانى داعش و چەکدارانى پەیەدە تا ئەو ساتەى قسەى تێدا دەکەم بەردەوامە، ئەمەش لە چەند ساڵى رابردوو تا ئێستا بووەتە هۆى ئەوەى کە ٥٠ لە سەدى دانیشتووانى سووریا ئاوارەى ئەورووپا و تورکیا و هەرێمى کوردستان بن".
گوتیشى: "تەنها بەهۆى هەڵسوکەوتە چەوتەکانى پەیەدە لە سووریا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد لەو وڵاتە ئاوارەى چەندین وڵات بوون و ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووە، یەکێک لەو کارە چەوتانەى کە هاووڵاتییانى ئاوارەى وڵاتان کرد پەیڕەوکردنى سیاسەتى سەربازى زۆرەملێ بوو، هاووڵاتییان ئەمەیان قبووڵ نەبووە ژیانى ئاوارەیی و پەنابەرییان هەڵبژارد لەبەرامبەر ئەوەى وەک دارەدەستى پەیەدە بەکاربهێنرێن".