Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
17 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2017
کەرکووک - AA
جێگری پاریزگاری کەرکووک، راکان سەعید بە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەستنیشانکرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە بینای پارێزگای کەرکووک ئەنجامی دا، راکان سەعید، رایگەیاند "لەسەر فەرمانی حکوومەتی ناوەندی عێراق لەمڕۆوە وەک پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەست بەکار دەبم، وەک پارێزگارێک بەرپرسم لە گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی و ئاسایش بۆ شارەکە".
راکان سەعید جەختی کردەوە لەوەی کە بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ دۆخی ئاسایی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی شارەکە هەماهەنگی دەکەن و گوتیشی : "بە پشتیوانی لێژنەی ئەمنی شارەکە، ئارامی بۆ کەرکووک دەگەڕێنینەوە".
ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی کە هەنگاوی پێویست دەنێن بۆ گەڕاندنەوەی شارەکە بۆ دۆخی ئاسایی جاران و گوتیشی : "هەموو دام ودەزگا گشتییەکان و قوتابخانەکان دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن".
پارێزگاری نوێ کەرکووک بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش دا کە بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک شارەکەیان جێھێشت و راشیگەیاند رێوشوێنی پێویست بۆ گەڕانەوەی گشت خەڵکەکە بۆ کەرکووک دەگرنەبەر.
-"تەنھا ئاڵای عێراق لە کەرکووک بەرزدەکرێتەوە"
لە لایەکی دیکەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، عەلی عومران لە لێدوانێکی رایگەیاند: "تاکە ئەرکی ئێمە دابینکردنی ئاسایشی شارەکەیە. بێ رەچاوکردنی ئەتنیک و مەزھەبەکان، بەرپرسیارین لە پاراستنی گیانی گشت ھاووڵاتیان عێراقی".
عەلی عومران گوتیشی: "ئەم ھێزانە کە لەم ماوانەی دواییدا کۆتاییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێنا، ئێستا بۆ پشتیوانیکردنی گەلی کەرکووک و ئیدارەی ناوخۆیی بۆ ئێرە ھاتوون".
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵای ھیچ گرووپێکی ئەتنیکی و مەزھەبی لە کەرکووک بەرزناکرێتەوە و گوتیشی: "ھەروەک شارەکانی دیکەی وڵات، لە کەرکووکیش تەنھا ئاڵای عێراق بەرز دەکرێتەوە".