هەولێر - AA
سەرکۆمارعێراق، فوئاد مەعسوم پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی گەلی عێراق کرد سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و ناوچە جێ ناکۆکییەکان
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، فوئاد مەعسوم لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "لە چەند سەعاتی رابردودا پارێزگای کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکان رووداوی سەربازیی و سیاسییان بەخۆوە بینی، ئەوەش لە دوای جموجۆڵە کتوپڕو نائاساییەکەی هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی پێگە ستراتیژییە سەربازیی و پەترۆڵە جاڕەکان و دامەزراوە سەرەکییەکانی پارێزگاکە.. کە پێشتر زۆربەیان بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی دوای بەرپەرچدانەوە بەرچاوەکەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بەرووی چەتە تاوانبارەکانی داعش لە ژێر چاودێریی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوون".
دەقی پەیامەکەی سەرکۆماری عێڕاق
بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی نەبەز
ئەی جەماوەری کوردستانیی بەڕێز
سڵاوی خواتان لێ بێت
لە چەند سەعاتی رابردودا پارێزگای کەرکووک و ناوچە جێ ناکۆکەکان رووداوی سەربازیی و سیاسییان بەخۆوە بینی، ئەوەش لە دوای جموجۆڵە کتوپڕو نائاساییەکەی هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی پێگە ستراتیژییە سەربازیی و پەترۆڵە جاڕەکان و دامەزراوە سەرەکییەکانی پارێزگاکە.. کە پێشتر زۆربەیان بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی دوای بەرپەرچدانەوە بەرچاوەکەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بەرووی چەتە تاوانبارەکانی داعش لە ژێر چاودێریی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوون.
ئەو بەرپەرچدانەوە دلێرانەیە رێگری کرد لەوەی تێرۆریستان کەرکووک داگیربکەن سەرباری ئەوەی چەند پارێزگایەکی وەک نەینەوا و سەلاحەددین و ئەنبار و شاری گرنگ بەتایبەتیی مووسڵیشیان داگیرکردبوو کە زیاتر لە سێ ساڵ لە ژێر چنگی داگیرکارییاندا بوو، تا بەم دواییە بە جوامێریی و قوربانیدانی هێزە چەکدارەکانمان بە هەمو ریزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی و هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی و خۆبەخشە مەدەنییەکان رزگارکرا و هەموو هێزەکان بە یەکڕیزیی لە پێناوی ئازادیی و سەربەرزیی بەرەو روویان بوونەوە و خوێنیان تێکەڵ بە یەک بو لە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەدا لە پێناوی بەرگریکردن لە نیشتمان و هاووڵاتیاندا.
بەردەوام بوونی ئەو چاودێرییە ئەمنییەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک لەگەڵ دەستووردا ناکۆک نەبوو بەو پێیەی ئەو هێزانە بەشێکی سەرەکیین لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراق، بۆ داکۆکیکردن لە لە سەروەریی و ئاسایشی وڵات.. لە پاڵ ئەرکە سەرەکییەکانی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
بەڵام ریفراندۆم بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان لە عێراق.. ناکۆکیی ترسناکی لێکەوتەوە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە نێوان خودی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشدا، ئەمەش وای کرد کە هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵیی راستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکووک.. ئەوەش بەو مانایە نییە کە گۆڕانکارییەک لە سرووشتی دەستووریی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگە رووبدات بەو پێیەی بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی سەربازیی نیشتمانیی عێراق.
بۆیە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە کەرکووک ئاگادار دەکەین رێزی دەسەڵاتی قانون و دەوڵەت بگرن.. داوایان لێ دەکەین بگەڕێنەوە سەر کاروبار و ژیانی ئاسایی خۆیان.. لەم بارودۆخەدا دان بەخۆدا بگرن، تەواوی هێزە ئەمنییەکانیشمان رادەسپێرین بەهیچ جۆرێک خۆ لەقەرەی ماف و شکۆیی و رێزی هیچ کام لە هێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندان و دانیشتوانی کورد و هەر هاووڵاتیەکی تر نەدەن لە کەرکووک و کار بکەن بۆ رێگرتن لە هەر زیادڕەوییەک و گرتن و راوەدونانی بەرپرسیارانی ئەو رەفتارانە هەر کەسێک بێت، پەلەش بکەن لە دابینکردنی سەلامەتیی گەڕانەوەی هەرچی زووتری هاووڵاتییە کەرکوکییەکان بە سەربەرزیی و ئارامیی کە ناچار بوون ماڵەکانیان جێ بهێڵن بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکان و ئاسەوارەکانی بارودۆخەکە.
هاوکات پێویستیی زیاترکردنی هەوڵەکان دووپات دەکەینەوە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگی بەپەلە و دڵسۆزانە لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و ئیدارییەکانی دوای ئەو رووداوانە لەسەر بنەمای پابەند بوون بە دستور و قانون کە مافەکانی هەمووان بپارێزرێت، وشیارییش نوێ دەکەینەوە لە مەترسییەکانی فەرامۆشکردنی جیاوازییەکان و کەڵەکە بوونیان بۆ ناکۆکیی تووند و قووڵتر.. ئەوەش بێ جیاوازیی زیان لە هەمووان دەدات سەرباری ئاسەوارە وێرانکەرەکانی بۆ ئایندەی هەموو عێراقییەکان.
ئەی گەلی مەزنمان..
لەم بارودۆخەدا کە روانین و بانگەشە و لێکدانەوەکان جیاواز دەبن لە پێگە و لێپرسراوێتیی دەستوورییمانەوە زۆر شێلگیرانە گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور دووپات دەکەینەوە وەک بنەمایەک بۆ هەر هەنگاو یان رێوشوێنێک کە هەمیشە بە پەرۆشین بۆ زامنکردنی.
ئێمە لە ساتە ناسک و گرنگەکاندا لە رابردوودا هەوڵی زۆر و بەرچاومان دا لە پێناوی رێگە چارەیەک لانی کەم بۆ سووککردن و رەواندنەوەی ئەو قەیرانە ترسناکەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست بو بەهۆی سووربوونی دووەمیان و یەک لایەنە ریفراندۆمی کرد.. بەوپەڕی هێزەوە رووبەڕووی هەموو هەڕەشە و پەلامارێک بووینەوە و پابەندبوونی بەهێز و نەگۆڕمان دووپات دەکەینەوە بە خستنە پێشەوەی دەستوور و یەکێتیی و سەروەریی عێراق، بانگهێشتی بەپەرۆشمان نوێ دەکەینەوە بۆ پێویستیی قوڵکردنەوەی پەیوەندیی برایانەی مێژوویی نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و کاراکردنی پەیوەندیی خەباتی هاوبەشی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی دژی دیکتاتۆریی و تێرۆر.
لە هەرکات زیاتر شێلگیرانەتر بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بەو پرەنسیب و پێودانگانە و پێویستیی خستنە گەڕی هەوڵ و قوربانیدانی زیاتر لە پێناوی لابردنی مەترسیی و دڕدۆنگیی و گومانەکان.. تا ئەو کاتەی رێککەوتن دەکرێت بۆ زامنکردنی ماف و ئازادییە دەستوورییەکان لەرێی دیالۆگی راشکاو و بنیاتنەر کە ئەزموونی دیموکراسیی وڵات بپاریزێت و دەستکەوتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی عێراقییەکان بێ جیاوازیی پەرەیان پێ بدرێت. لە روانگەی قورسایی ئەرک و لێپرسراێتییە دەستوورییەکانمانەوە پێویستیی دەرکردنی قانونی پێویست دووپات دەکەینەوە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسیی فیدراڵیی و زامنکردنی پیشەیی و رونیی رۆشنیی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بە پابەندبوون بە دەستوور و بەو وادانەی کە دیاری دەکرێن. سەرباری پێویستیی پابەندبوون بە پرەنسیبەکانی دیالۆگی دیموکراسیی، پاراستنی ژیانی دەستووریی، تێکشکاندنی تێرۆر و خستنە هەورازی بەرژەوەندیی عێراقییەکان لە هەر بەرژەوەندییەکی تر.
لە کاتێکدا بە پێزانینی زۆرەوە بانگەوازەکەی سەماحەتی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی سیستانیی بەرز دەنرخێنین بۆ پابەندبوون بە دەستوور وەک خۆی و پەنای بۆ ببرێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشە ناوخۆییەکاندا. هیواداری و دڵنیاشین هەمووان رەچاوی هەموو ئەوانە دەکەن و پێکەوە هەوڵ بدەن بۆ کاری جدیی و بەردەوام بە ئامانجی دان بەخۆدا گرتن تا کەش و هەوای لەباری دیالۆگ ئاشتی و دیموکراسیی و دەستووریی بڕەخسێت، هەنگاو بۆ پێشەوە بنرێت بەرەو گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی سیستەمی دیموکراسیی کە یەکێتیی عێراق و سەروەرییەکەی بپارێزێت.
سڵاو بۆ تەواوی شەهیدانی گەلە دلێرەکەمان..
سەرکەوتووبێت ئیرادەی عێراقییەکان لە دەوڵەتێکی دیموکراسیی فیدراڵیی پێشکەوتووی ئارام و ئۆقرەدا.
پەروەردگار عێراق و گەلەکەمان بە هەموو رۆڵە و پێکهاتەکانییەوە بپارێزێت..
بە خواتان دەسپێرم
news_share_descriptionsubscription_contact



