Rewa Mahmood Hasan
01 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2022
سلێمانی - AA
٤٧ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی یەکی حوزەیرانی ١٩٧٦دا دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنرا کە لەسەر دەستی حەوت کەس بونیادنرا، ئەوانیش ھەریەک لە ( جەلال حسام الدین تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، عادل موراد، نەوشیروان مستەفا، عەبدولڕەزاق فەیلی، عومەر شێخ موس و کەمال فوئاد) بوون.
جەلال حسام الدین تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال کە سکرتێری (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان) بوو، بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لای ئەوەوە دەستی پێکرد، سەرەتاش بە نامە راوێژی لەگەڵ ناوەندیی کۆمەڵە کرد. مام جەلال لە سەرەتادا لەڕێی (شازاد سائب)ەوە، بە دوو نامە کۆمەڵەی لە ناوەوە لە بیروڕاکانی خۆی ئاگادارکردبووەوە، سەرکردایەتی کۆمەڵەش لە ئایاری ١٩٧٥وە ئەم بیرۆکەیەی مام جەلالی خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە کە لە ئازاری ١٩٧٥دا بۆی ناردبوون. لەو کۆبوونەوەیەدا پشتیوانی لەو بیرۆکەیە کرا بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی نیشتمانیی فراوان کە کۆمەڵە بەنھێنی داینەمۆکەی بێت. ھەر لەھەمان کۆبوونەوەدا (شیھابی شێخ نوری) پێشنیازی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی کرد و داواش لە (فەرەیدون عەبدولقادر) کرا کە ئەم بیروڕایە بگەیەنێتە مام جەلال و لە دەرەوەی عێراق قسەی لەگەڵدا بکات و دوابیروڕا بۆ ناوەندیی کۆمەڵە بێنێتەوە.
لێرەوە بیری دامەزراندنی یەکێتییەکی نیشتمانیی وەکو رێکخراوێکی نیمچە بەرەی تەیار و چینە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵی کوردستان گەڵاڵە بوو، بۆ کۆکردنەوەی زۆرێک لەلایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەیەکی فراواندا کە ئەندامەکانی کۆمەڵە ببنە داینەمۆی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی.
بۆچوونەکانی ئەوانەی دەرەوەی وڵات لە کۆبونەوەکاندا بریتیبوون لەم خاڵانە:
یەکەم: رێکخراوێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر دابمەزرێندرێت و ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبکاتەوە کە لە ئەنجامی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە ھاتبووە کایەوە.
دووەم: ئەو رێکخراوە حزب نەبێت بە مانا تەقلیدییەکەی بەڵکو چوارچێوەیەکی رێکخراوەیی فراوان بێت بۆ جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر.
سێیەم: ئەم رێکخراوە بەرەیەکیش نەبێت، لەبەر نەبوونی حزبێکی پێشڕەو و نەبوونی حزبێکی دیکە.
چوارەم: لەناو ئەم رێکخراوە فراوانەدا، تەیار و لایەنە سیاسیە پێشکەوتنخوازە جیاجیاکان مافی ململانێی فکرییان ھەبێت.
پێنجەم: کۆمەڵە بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە، تا ئەندامەکانی بتوانن رۆڵی بەڕێوەبەرێتی ئەو رێکخراوە ببینن تیایدا.
سەرئەنجام بڕیاردرا کۆبوونەوەیەک پێکبێت بۆ ئەوەی بڕیارێک لەمبارەیەوە بدەن. ئەوە بوو لە ٢٢ی ئایاری ١٩٧٥ دا لە (دیمەشق) لە ریستورانتی (گلیگلە) لە گەڕەکی (ئەبو رمانە) یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر سازدرا، کە لەم کۆبوونەوەیەدا (مام جەلال، فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی) بەشداربوون. پڕۆژەی ئەو بەیانەی کە (مام جەلال) نووسیبوی لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆی لەسەرکراو دوای دەستکاریکردنێکی کەم، بەیانەکە چاپ کرا. بەم چەشنە یەکەم بەیانی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەنرا. دەزگاکانی راگەیاندنی عەرەبیش لە سووریا و لبنان و گەلێک شوێنی تر ئەم بەیانەیان بڵاوکردەوە.
لە ئەورووپاش بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵ و کۆشش بەردەوامبوو و لە رۆژی ٢٧ی ئایاری ١٩٧٥ کۆبوونەوەیەک لە گەڕەکێکی کەناری (بەرلین) لە ئەڵمانیا بەسترا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە مام جەلال سەرپەرشتی دەکرد کۆمەڵێک کەسایەتی و کادیری تێکۆشەر کە نزیکەی ٢٠ کەس دەبوون بەشداربوون، لەوانە: (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، کمال فوئاد، عومەر شێخ موس، لەتیف رەشید، دڵشاد ئەحمەد، ئەرجومەند سدیق، دارا ئەدیب، رەئوف ئەحمەد، جەبار علی شریف، لاوچاک فەھمی و حەسەن محەمەد عەلی). لەم کۆبوونەوەیەدا تەنیا بڕگەیەک بۆ بەیاننامەکە زیادکرا .دوای ئەم دەستکارییکردنە لە یەکی حوزەیرانی ١٩٧٥دا، بەیانەکە لە ئەورووپا بڵاوکرایەوە و دواتر ھەر ئەو مێژووەش بوو بە رۆژی راگەیاندنی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بەیانە لە گەلێک وڵاتانی دنیادا بەزمانی جیاواز چاپ و بڵاوکرایەوە. بە عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فارسی و بەیاننامەکە لەلایەن کەمال بورکای-یەوە کرایە تورکی کە ئەودەمە لە تورکیا مانگنامەیەکی بەناوی (ئۆزگورلوک یۆڵو) دەردەکرد. لەھەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکەی بەرلیندا دوو بیروبۆچونی جیاواز سەبارەت بە پێکھێنانی ئەو رێکخراوە ھەبوو کە ئایا ئەم رێکخراوە، رێکخراوێکی چەکداریی بە ئایدۆلۆجی بێت، یان رێکخراوێکی پێشکەوتنخواز و نیشتمانیی بەر فراوان بێت. راوبۆچوونەکان لەسەر رەوتی دووەم گیرسایەوە، واتە رێکخراوێکی فراوانی ئەوتۆ کە ھەموو کەسێک بەبێ گوێدانە ئایدۆلۆجییەکی تایبەتی بگرێتەخۆ. ھەربۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە چەندین ھێڵ و باڵی سیاسیی تێدابوو.
ئەم رەوتانەش دواتر لە چەند رێکخراوێک بەرجەستە بوون کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یان پێکدەھێنا:
١- کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان.
٢- بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان.
٣- ھێڵی گشتیی (ی.ن.ک).
ئەزموونی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەزموونێکی نوێ بوو کە سێ رێکخراوی جیاواز، سێ ئایدۆلۆجیای جیاواز و سێ سەرکردایەتی جیاواز، ھەرسێکیان سەربەخۆیی رێکخراوەیی تەواویان ھەبوو، بەڵام کە بەعس بەتەواوی و یەکجاری ھەڕەشەی ھەرە گەورە بوو بۆسەر بوونی کورد، ھەرسێکیان سەرەڕای ھەموو جیاوازیەکانی ئەوسایان لە قەوارەیەکی یەکگرتوودا یەکیان گرت و بەرنامەیەکی ھاوبەشیان دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھەڕەشەیە کە خۆی لە بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بینیەوە و بڕیاریاندا سەرکردایەتیەکی ھاوبەش، ھێزێکی چەکداری ھاوبەش، بوودجەیەکی ھاوبەش، راگەیاندنێکی ھاوبەش، سیاسەتێکی دەرەوەی ھاوبەش دابنێن و ھەرلایەش سەربەخۆیی رێکخراوەیی خۆی بپارێزێت. ھەرچەندە لەڕاستیدا ئەم سێ رێکخراوە سێ حزب بوون، بەڵام بۆچونێکی لەیەکچوویان دروستکرد لەسەر ئامانج و ئاسایشی نەتەوەیی کورد، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمجۆرە پێکھێنرا کە رێکخراوێکی نیمچە بەرەیی بێت تاکو بتوانێت ھەموو چینە شۆڕشگێڕەکان و رەنجدەران و توێژەکان بۆ خەبات سازبدات و بە رێبازێکی نوێ و پلان و سیاسەت و تاکتیکی نوێ رێنماییان بکات. لەدایکبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرەتای قۆناغێکی نوێی بوو کە لەڕووی فکری سیاسیی، سۆسیۆ-سیاسیی و پراکتیزەکردنی شۆڕشدا بەشێوەیەکی رادیکاڵانە جیاواز بوو.
- مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کۆنگرەی یەکەم:
لە ٢٧ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ھەولێر ئەنجام درا کە تیایدا ھەردوو باڵی (کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان) ھەڵوەشانەوە، ھاوکات سۆشیال دیموکراسی ھاتە جێگای مارکسییەت و جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی ھەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەی دووەم:
لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، جارێکی تر جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی ھەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەی سێیەم:
لە یەکی ئایاری ساڵی٢٠١٠ لە سلێمانی ئەنجام درا و ئەمجارەشیان، مام جەلال بۆ جاری سێیەم وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی ھەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەی چوارەم:
دوای ئەوەی سکرتێری گشتیی ئەو حزبە کە ھاوکات سەرکۆماری عێڕاق بوو، کۆچی دوایی کرد، یەکێتی بەبێ سکرتێر بۆ ماوەیەکی درێژ کە دواجار بڕیار درا لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، کۆنگرەی چوارەم لەژێر ناوی "کۆنگرەی نوێبوونەوە" ئەنجامدرا. دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و قبوڵکردنی سیستەمی ھاوسەرۆکی، بڕیار درا بە دەستنیشانکردنی ھەریەک لە لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەک ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دوایین جار لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دا کە دیدارێکی گشتیی ئەنجام بدات و ئەویش دوای گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئەو حزبە دێت کە بەدوور خستنەوەی یەکێک لە ھاوسەرۆکەکان کە لاھور جەنگی بوو دەستی پێکرد. لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیفەتی لە ھاوسەرۆکییەوە گۆڕا بۆ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.