Rewa Mahmood Hasan
04 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2022
سلێمانی-AA رەوا حاجی
لە یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە یەکێکە لە پارتە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە، لەمساڵدا لە نزیک ئەو رێککەوتەدا، بە ئەنجامدانی دیدارێک کە وەک خۆیان بە نیمچە کۆنفرانسێک ناوزەدی دەکەن، یادەکەیان کردەوە.
ئەنجامدانی دیدار هاوکاتیشە لەگەڵ دروستبوونی چەند ناکۆکییەک لەنێوان ئەو حزبە و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکانی هەرێم و بەغدا بەتایبەت پۆستی سەرکۆماری عێراق.
لەئێستادا وەک خۆیان دەڵێن، یەکێتی نوێ بەنیازی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەکە لە پێکهاتەی حزبی و پرۆگرام و بەرنامەکانی بۆ داهاتوو.
بۆ وەرگرتنی وەڵامی چەند پرسیارێک، ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا ئەنجام دا.
ستران عەبدوڵڵا سەرەتا لە بارەی ٤٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، گوتی: ''یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٤٧ ساڵ پێش ئێستا دامەزرا بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لە عێراق و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، راستە لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵە کە لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی دامەزراوە تا ئێستا لەوخەباتە و رێبازەی خۆی بەردەوامە، لەناو ئەو هەموو پێشهاتانەی کە لە جیهاندا هەیە یەکێتی لە نوێبونەوەدایە و لەمساڵیشدا لەیادی ٤٧ ساڵەی خۆیدا دیداری یەکێتی رێکخست بۆئەوەی سیاسەتەکانی خۆی رێکبخاتەوە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یەکێتی نوێ مەبەست لێی چییە و دەخوازرێت پەیڕەو و پرۆگرامەکەی چۆن کاریگەرییەک دروست بکات، ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی نوێ هەمان ئەو یەکێتیەی ٤٧ ساڵی رابردووە کە مام جەلال دایمەزراند و گوتی: ''دیارە لەڕووی ستراتیجیی و ناسنامەی کارکردنەوە هەمان ئەو یەکێتیەیە، بەڵام وەک هەلومەرجی تازە زەمەن گۆڕاوە لەگەڵیشیا بێگومان بارودۆخ لە کوردستان و لە عێراق و ناوچەکەش گۆڕانکاری بەسەرهاتووە، بۆیە زۆرئاساییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش گۆڕانکاری بەسەر بێت و لەم هەلومەرجەی ماوەی رابردوودا، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیدارێکمان بەست کە وەک نیمچە کۆنفراسێکی حزبی وابوو کە تێڕوانینی یەکێتی بۆقۆناغێکی داهاتوو دابڕێژین لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا لە شێوەی ئیشکردنمان بۆ داهاتوو لە هێنانە پێشەوەی گەنجاندا لە هێنانە پێشەوەی ژناندا لە قۆناغی داهاتوودا، ئەو ئەرکە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات".
ستران عەبدوڵڵا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دیاریکردنی پۆستی سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی کاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار و گوتی: ''وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، نەک هەر بۆ سەرکۆمار بۆ هەموو پۆستەکانی تری هەرێمی کوردستانیش دەمانبێت، بێگومان ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو هەڵبژاردنەی کە لە کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەو رێژەی دەنگەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیهێنێت، ئێمە هیوامان وایە کەلەم هەڵبژاردنەدا، بتوانین یەکەمی هەڵبژاردنەکە بین، بەگوێرەی ئەو هەڵسانەوە و گەشانەوەیەی یەکێتی هەیەتی بتوانین بە باشترین شێوە جێبەجێی بکەین، ئێمە یەک کاندیمان هەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندیدی خۆی ناگۆڕێت، چونکە ئەمە بە هەڵسەنگاندنێکی دوور و دڕێژی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم کاندیدە دیاریی کراوە کە بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح-ە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا لەبارەی پلانی حزبەکەیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت کە لەئێستادا جێی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە گوتی: ''یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بکرێت و ئەو کێشانەی کە بە داخەوە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوی کوردستاندا هەبوو بەشێوەیەکی گشتی زۆر جار کە دوا دەکەوێت یان دوا دەخرێت، ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی رێکوپێک لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان کۆتایی پێ دەهێنرێت و بنبڕ دەکرێت، چونکە پابەندبوون بە وادەی هەڵبژاردنەکانەوە بەڵگەی رێزگرتنی هێزە سیاسییەکانە لە دیموکراسی و گەشەی دیموکراسی لە کوردستاندا، ئێمە وەک یەکێتیی نیشمانیی کوردستان پێمان وایە بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت، پێویستە ئەم هەڵبژاردنە بتوانرێت لایەنە جیاجیاکان ناوبژیوانی دیموکراسی هەبێت لە ناوبژیوانی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردنەکاندا کە سندوقێکی باشی دەنگدەران پاکرابێتەوە لە ساختەکاری کە تۆمارێکی دەنگدەرانی واهەبێت ئەو دیموکراسێتەی هەڵبژاردن یەتە کایەوە رەنگدەرەوەی ویست و ئارەزووی خەڵکی کوردستان بێت".
ستران عەبدوڵڵا سەبارەت بە خواستی یەکێتی بۆ یاسای هەڵبژاردنەکان گوتی: ''هەڵبژاردن، ئێمە پێمان باشە چەند بازنەیی بێت، هێزە سیاسیەکانیش باشتر رێکبکەون لەسەر ئەم رێژەیە و رێشبکەون لەسەر ئەو شوێنەی کە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیی دێتە کایەوە ئەگەر ئەوە هاتە کایەوە، ئێمە پێمان وایە بەسەرکەوتوویی هەڵبژاردنێکی باش بۆ کوردستان دێنینە کایەوە، بەڵام بێگومان ئیرادەی هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستانی پێویستە و باوەڕیش ناکەم هێزێکی سیاسیی هەبێت بڵێت، من دەمەوێت کە هەڵبژاردنێک بکرێت کەمتر دیموکراسی بێت و کەمتر گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات".