Haydar Karaalp
07 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2022
بەغدا-AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن ئاشكرایكرد، لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ ھاوتا میسری و ئوردنییەکەی "پێشھاتە سێقۆڵی و ناوچەییەکانیان" تاوتوێ کردووە.
فوئاد حسێن، لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی میسر، سەمیح شوکری و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفدی کە بە سەردانێک لە بەغدان، کۆبوویەوە.
ھەر سێ وەزیر دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
- بەردەوامی بە کۆبوونەوە سێقۆلییەکان دەدرێت
وەزیری دەرهوەی عێراق، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کە وەک خاوەن ماڵ دەستی بە قسە کرد، گوتی: "ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە ھەرسێ وڵاتەوە ھەیە و ھەماھەنگیمان تاوتوێ کرد. ھەڵسەنگاندنمان بۆ کاردانەوەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە کرد".
فوئاد حسێن باسی لەوەش کرد، لەگەڵ میسر و ئوردن بریاریان داوە بەردەوامی بە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکان بدەن.
- "دەمانەوێت پەرە بە دیدێکی ھاوبەش بدەین لە دژی مەترسییەکان"
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی میسر، سەمیح شوکری ئاماژەی بەوە کرد دەیانەوێت عێراق سەرلەنوێ پێگەی خۆی لە ناوچەکە بگەڕێنێتەوە و گوتی:
"سەردانمان بۆ عێراق، دەرفەتێکی بەھێزە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە سێ قۆڵییەکان. ئامانجی چوارچێوەی سێ قۆڵی پاڵپشتیکردنی عێراقە. لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی عێراق سەرلەنوێ پێگەی خۆی لە ناوچەکە و لە جیھان بگەڕێنێتەوە. دەمانەوێت پەرە بە دیدێکی ھاوبەش بدەین لە دژی مەترسییەکان".
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفدی ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان رەھەندەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینایان تاوتوێ کردووە و گوتی: "لە پاڵ عێراق دەبین لە دژی ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی بووەتەوە. ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە".
عێراق، ئوردن و میسر لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ لە عەمان کۆبوونەوەی "میکانیزمی ھەماھەنگیی سێقۆڵی"یان ئهنجامدابوو کە ئامانج لێی بەھێزکردنی ھەماھەنگییە لە بواری ئابووری.