Sarmand Hameed
07 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە شاری ھەولێر کۆبوونەوە، تیایدا تاوتوێی پرسی دەستوور و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتی بوون لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رێبوار یەڵدا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە، خەسرەو گۆران و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان زانا مەلا خالید.
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتبوون لە کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی، رزگار عەلی، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حزبە رزگار حاجی حەمە و، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان زیاد جەبار و جێگرەکەی، لوقمان وەردی.
لەدوای کۆبوونەوەکەش راگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە: "ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەست بە ئامادەکاری یاسایی بکرێت".
خاڵێکی دیکەی راگەیاندراوە هاوبەشەکەی پارتی یەکێتیی بریتییە لە باسکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رایانگەیاندووە کە، "لە پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان وەک دوو پرسی گرنگی نیشتمانی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر و سازانی سەرجەم ھێزە سیاسییەکانی کوردستانە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی گشتگیر".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیان لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیان بۆ گەیشتن بە خاڵێکی هاوبەش کردووە.