Zana Natık Kerem
09 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی سەر ھەولێری کرد و رایگەیاند کە ئامانجی ئەو ھێرشانە بەئامانجگرتنی ھاووڵاتییانی مەدەنی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە.
ئایدن مەعروف تویتێکی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێری بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی: "بەتوندی ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی رابردوو کرایە سەر ھەولێر".
راشیگەیاندووە "ئامانجی ئەو ھێرشانە بەئامانجگرتنی ھاووڵاتییانی مەدەنی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە، ھەروەھا ھیوای چاکبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ ئەو ھاوڵاتییانە دەخوازین کە لە ھێرشەکەدا بریندار بوون".
شەوی رابردوو تەقینەوەیەک لە ھەولێر روویداوە و بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر رێگای پیرمام-ھەولێردا تەقییەوەتەوە و لە ئاکامدا سێ ھاووڵاتی برینداربوون، زیانی ماددیش بەر خواردنگەیەک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کەوتووە.