Ihvan Radoykov
02 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2022
سۆفیا - AA
بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی ٤٨مینی پەرلەمانی بولگاریا کە لە ٢٤٠ ئەندام پێکهاتووە، دەنگدەران بەیانی ئەمڕۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی وڵاتەکە، بڵاوی کردەوە کە پرۆسەی دەنگدان، کاتژمێر ٠٧:٠٠ بێ هیچ کێشەیەک دەستی پێ کردووە.
بولگاریا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی شەش ملیۆن و ٥٢٠ هەزار کەسە، ٢٢ پارتی سیاسیی لە چوارچێوەی شەش هاوپەیمانێتیدا بەشداریان لەو هەڵبژاردنەدا کردووە و پێنج هەزار و ٣٣٤ کاندیدیان خستووەتەڕوو.
لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ١١ هەزار و ٦٠٠ سندوق و لە دەرەوەی وڵاتیش، ٧٥٥ سندوقی دەنگدان دانراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
بەپێی ئەو راپرسییانەی پێش هەڵبژاردنەکە ئەنجامدراون، دەردەکەوێت کە شەش بۆ هەشت پارت و هاوپەیمانی دەتوانن رێژەی بەربەستی بەردەم پەرلەمان کە سەدا چوارە ببڕن و بچنە پەرلەمانەوە.
هەر بەپێی راپرسییەکان، پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی لە دوای هەڵبژاردنەکە سەخت دەبێت.
کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە کاتی ناوخۆی بولگاریا پرۆسەی دەنگدان کۆتایی دێت و سندوقەکان دادەخرێن.