Heman Hussein Yaseen
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2022
هەولێر – AA هێمن حوسێن
نۆ مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حکوومەت پێکبهێنرێت و رۆژ لەدوای رۆژ دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، بەرپرسانی کوردیش لە بەغدا پێیان وایە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە کە عێراق بەرەو قۆناغێکی باشتر بچێت، بەڵام قۆناغەکە بەرەو خراپتر رۆیشتووە و ناتوانرێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتووی سیاسیی لە عێراق بکرێت.
گرژییەکانی عێراق لە رۆژی ٢٥ی تەمووز دەستی پێ کردووە کاتێک چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان رایگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و رۆژی دواتر ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرای سەدر دژبە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران خۆپیشاندانیان لە بەغدا ئەنجام دا و چوونە ناو تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران و وێنەی سەرکردەی رەوتەکەیان موقتەدا سەدر-یان بەرزکردەوە و تا ئێستاش لەناو باڵەخانەی پەرلەمان ماونەتەوە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق گوتی: "بەداخەوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا رەنگە ئەمە ناخۆشترین دۆخ بێت کە عێراق پیاییدا تێپەڕ دەبێت، کێشەکان بەجۆرێکن، ناتوانی پێشبینی بۆ بەیانی بکەیت، چونکە بە گشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوەیە کە وڵات لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەبات، بەڵام بەداخەوە عێراق لە قۆناغێکی خراپ بەرەو قۆناغێکی خراپتر چوو بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی یەکتر رەفزکردن".
گوتیشی: "دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەوە بوو کە عێراق بەرەو قۆناغێکی تازە هەنگاو بنێت، بەڵام بەداخەوە بەرەو قۆناغێکی خراپتر چوو، تەمەننا دەکەین هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی دۆخەکە لەدەست نەچێت".
لەبارەی خراپی دۆخی عێراق و کاریگەری لەسەر کورد، فارس عیسا رایگەیاند "ئەگەر کورد یەکڕیزبێت هەر گۆڕانکارییەک لە عێراق هەبێت ئەوا لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئەگەریش پەرتەوازە بێت ئەوا هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەیشی کە هەیە لە دەست بچێت".
هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە لایەنەکان رێزیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەگرت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پۆستی سەرکۆمار مافی حزبەکەیانە.
شێروان دووبەردانی لەبارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەبوو هەر لە رۆژی یەکەمەوە کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدرا و دواتر ئەنجامەکەی ئاشکرا کرا، هەر ئەو کات سێ فراکسیۆنە گەورەکە، فراکسیۆنی سەدر لە پێکهاتەی شیعە، فراکسیۆنی سەرەوەری لە سوننەکان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کورد حکوومەت پێکبهێنن، بەڵام بەداخەوە رێزیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەگرت و عێراق بەرەو ئەم دۆخەی ئەمڕۆ چوو".
شەوی رابردوو، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر تویتێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئەوە دەرفەتێکی دیکەیە بۆ کۆتاییھێنان بە ستەم و گەندەڵی و تاکڕەوی دەسەڵات، ھەروەھا دەرفەتە بۆ گۆڕانی ریشەیی لە سیستەمی سیاسیی و دەستووردا" و لەبارەی فشارەکانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، شێروان دووبەردانی رایگەیاند "ئەگەر فشارەکان بەردەوام بن، دۆخەکە بەرەو خراپ دەڕوات، ململانێیە گەورەکە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر گەیشتووەتە قۆناغێکی خراپ، کورد لەگەڵ ئەو دۆخەدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین کە چارەسەری کێشەکان بکرێت و گفتوگۆ دەست پێ بکرێت".
لەبارەی پرسی سەرکۆماریشەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشکی پارتی پێیوایە پۆستەکە شایستەی پارتی دیموکراتی کوردستانە و گوتی: "لەم رۆژانە لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە پۆستی سەرکۆمار شایستەی پارتییە کە ٣١ کورسی بەدەستهێناوە و مەعقول نییە ئەوان بە ١٥ کورسییەوە پۆستی سەرکۆمار وەرگرن و ئەوانەیشی زۆرینەی کورسیان بەدەستهێناوە هیچ پۆستێک وەرنەگرن، ئەمە هیچ لۆجیکێک قبوڵی ناکات".
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بوو لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا کە تیایدا سێ هەزار و ٢٤٩ کەس کێبڕکێیان لەسەر ٣٢٩ کورسی کرد و ٢٥ ملیۆن کەس لە عێراق مافی دەنگدانییان هەبوو.
لە ٣٠ تشرینی دووەم، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە راگەیەندرا کە تیایدا فراکسیۆنی سەدر٧٣ کورسی، دوای ئەو ھاوپەیمانی تەقەدوم ٣٧ کورسی، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی، ھاوپەیمانی کوردستان ١٧کورسی و ھاوپەیمانی عەزم ١٤ کورسی بەدەست هێنا و تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامە.