Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ههولێر - AA
بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە دوێنێ ٤٠٠ ھاووڵاتیی گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان و کەرەنتین کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''ماوەی ٤٨ کاتژمێر قەدەغەی ھاتوچۆمان راگەیاندبوو لە ناو شاری ھەولێر و سلێمانی، ئەمشەو کاتژمێر ١٢ کۆتایی دێت بەڵام دوای راوێژ بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بۆیە بڕیاردرا کە ئەو ماوەیە درێژبکرێتەوە. چونکە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانە''.
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''دەسەڵات بە پارێزگارەکان دەدرێت کە چۆن ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان بکرێت بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و، لێپێچینەوە لەو کەسانەش دەکرێت کە سەرپێچی بڕیارەکانی حکوومەت دەکەن''.
لەبارەی ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی تورکیا و ئێرانن، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''بڕیارمانداوە کە ١٦/٣ دواین مۆڵەتە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی کە لە ئێران و تورکیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و دەروازەکان بە رووی خەڵک و گەشتیاران دادەخرێن تەنھا بۆ بازرگانی بە کراوەیی دەمێننەوە''.
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم بڕیارە وەک ٤٨ کاتژمێری پێشوو نابێت و ، مارکێت و نانەواخانە و سەموونخانە و فرۆشگاکان بەپێی پێویست دەکرێنەوە.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە دۆخی زیندانەکان باشە و گوتیشی: ''دوێنێ ٤٠٠ ھاووڵاتیی گەڕاونەتەوە و ھەموویان کەرەنتین کراون و داواش لەو ھاووڵاتییانە دەکەین کە بەشێوەی نایاسایی یان لە مەرزی مونزەڕییە ھاتوونەتەوە، ئەوا خۆیان بە تیمەکانی تەندروستی بناسێنن بۆ ئەوەی تەندروستی خۆی و خێزان و ھاووڵاتییانیش پارێزراو بێت''.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەمانبەرانەوە کە بەھۆی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ دابەش ناکرێت، وەزیری ناوخۆ گوتی: ''وەزارەتی ناوخۆ ناتوانێت رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە جێبەجێ بکات، ھیچ مەترسییەک لەسەر دابەشکردنی مووچە نییە و تەنیا ئەو مانگە بەم شێوەیە و لە مانگەکانی داھاتوو لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت''.