Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2020
ههولێر - AA
دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وردەکاری بڕیار و رێنماییەکانی خستەڕوو
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: ''بڕیارێکی دیکە دەرچووە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆ، کە تیاییدا دەسەڵاتدراوە بە پارێزگارەکان تا دابینکردنی پێویستییەکانی ھاووڵاتیان لەبەرچاو بگرین''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە ھێڵێکی گەرم دابین دەکەن و ھەر کەسێک پێویستی بە خۆراک ھەبوو، ئەوا چەند دەزگایەکی خێرخوازیی ھاوکارییەکان بێ بەرامبەر بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکەن و گوتی: ''ھەر خێزانێک پێویستی بە ھاوکاری بێت، بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و چەند دەزگایەکی دیکەی خێرخوازی، ژمارەیەکی ھێڵی گەرم رادەگەیەنین و ، سەلەی خۆراکی بەشی ھەفتەیەک بۆیان دەچێتە ماڵەکانیان''.
لەبارەی کردنەوەی شوێنە پێویستەکان لەناو شاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی گوتی: ''لەبەیانیەوە قەدەغەی ھاتوچۆ لەنێوان قەزاکانیش جێبەجێ دەکرێت، بەڵام کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کردوومانە رێنمایی ئەوە دەرچووە کە، ھاووڵاتیان دەتوانن سوود لە نانەواخانەکان وەربگرن، ھەروەھا خواردنگە و چێشتخانەکان بۆ پێشکەشکردنی خواردن بە شێوەی دیلڤەری دەکرێنەوە، ھەروەھا کردنەوەی ئەو فرۆشگایانەی کە لە نزیک گەڕەکەکانن دەکرێنەوە بەبێ ئەوەی ئۆتۆمبێل بەکار بھێندرێت، بەڵام ھەموو ئەو شوێنانە بە مەرجی تەندروستی دەکرێنەوە و ھەر کەسێکیش ئەو مەرج و رێنماییانە جێبەجێ نەکات رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر و ھەروەھا ئۆتۆمبیلەکانی بارھەڵگری خواردن لە نێوان گومرگەکان و گەڕەکەکان، ئۆتۆمبیلی غازفرۆش و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی خزمەتگوزاری رێگەدراوە بۆ ھاتوچۆکردن''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی گوتیشی: ''ئێمە لە پارێزگای ھەولێر داواکارین لە سەرمایەداران و خێرخوازان کە ھاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ھاوکاری خەڵکی کەمدەرامەت بکەین، ھاوکاری ئەوانە بکەین کە بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ کاریان لەدەستداوە، لە رێگای ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر ھاوکارییەکان بگەیەنینە ئەو خێزانانەی کە پێویستییان پێیەتی''.