Hemin Hüseyin
28 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2018
هەولێر - AA
فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دووپاتی دەکەنەوە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو رایگەیاند "بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و هیچ هۆکارێکیش بە گرنگ نابینن کە هەڵبژاردن دوا بکەوێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە نییە بەڵکو دواشکەوتووە".
ئومێد خۆشناو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە شێوەی فەرمیی تا ئێستا هیچ لایەنێک داوای لە ئێمە نەکردووە کە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام هەوڵێکی زۆریش هەیە لە لایەن چەند لایەنێک و پاساوەکانیش باوەڕپێهێن نین، پێمان وایە دواکەوتنی هەڵبژاردن زەرەرێکی گەورە لە سومعەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیی دەدات".
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە دەنگۆی ئەوە هەیە گوایا پڕۆژەیەک بۆ دواخستنی پڕۆسەكە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان ئێستا بەپێی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە بەشێک لە دەسەڵاتەکان دراوە بە سەرۆکوەزیران، دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانە کە رۆژەکە دیاریی بکات، پەرلەمان تەنها دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە کە پار ساڵ تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرزی یاسادانان درێژکردەووە".
هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، دلێر ماوەتی رایگەیاند "کەس بە فەرمیی دەستپێشخەریی نەکردووە بۆ دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەژێرەوە تەکلیف دەکرێت گوایا بارودۆخی هەرێم ئارامە و سنوورەکان ئارامە و با عێراق دروست بێت ئینجا ئێوە هەڵبژاردن بکەن، بەڵام پێشکەشکردنی هەر شتێک بۆ دواخستنی پڕۆسەکە بووە بە عەیبە، بۆیە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".
لەبارەی ئەوەی کام لایەن پێی باش نییە هەڵبژاردن لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت، دلێر ماوەتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دۆستەکانمان لە دەرەوە دەڵێن بارودۆخی ئێوە باشە و ئابلۆقەتان لەسەر نەماوە و هێشتا عێراق دروست نەبووە، وا زوو دروست نابێت، بۆیە باشتر وایە پڕۆسەکە لەم کاتەدا ئەنجام نەدرێت".
دلێر ماوەتی گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە بواری دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە دەسەلاتی فراکسیۆنەکان نەماوە، مەگەر کەسی یەکەمی پارتەکان دوایبخەن لەم حاڵەتەشدا پەرلەمان دەتوانێت بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە".
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت کە تیاییدا ٢٩ ھاوپەیمانییەتی و قەوارە خۆیان تۆمارکردووە و کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ١١١ کورسی دەکەن.