دهوك - AA
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان رایگەیاند "سیاسەتى ئابوورى و سەقامگیری ئاسایشی هەرێمى کوردستان وایکردووە هەرێم ببێتە دەروازەى پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان عێراق و تورکیا، پشکى شێرى بەربکەوێت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان".
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو بە گرنگییەوە باس لە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا دەکات و دەڵێت "پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا لە ئاستێکى زۆر باش دایە بە تایبەت لە بوارى ئابووری، ئەمەش خۆى لە خۆیدا گەشبینیە بۆ ئێمە، دواى سەردانى سەرۆکوەزیرانى تورکیا بۆ هەولێر و پێکهێنانى لێژنەیەکى هاوبەشى ئابوورى لە نێوان هەردوولا دڵنیام پەرە بە کەرتى بازرگانى نەوت و غاز و کەرتى پیشەسازى دەدرێت".
دڵشاد شەعبان گوتیشی: "سیاسەتى ئابوورى و سەقامگیری ئاسایشی هەرێمى کوردستان وایکردووە بەو قەبارەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانى و وەبەرهێنان ئەنجام بدرێت، چونکە وەبەرهێنان و سەقامگیرى پێکەوە پەیوەستن، تا چەند ناوچەکە لە رووى ئەمنییەوە سەقامگیر بێت، وەبەرهێنان و بارزگانى زیاترى تێدا ئەنجام دەدرێت، هەرێمى کوردستانیش بەڵگە نەویستە کە ناوچەیەکى ئارامە بۆ ئەو مەبەستە".
دڵشاد شەعبان لەو باوەڕەدا نییە کە جارێکى دیکە هەرێمى کوردستان و عێراق لە رووى داراییەوە لە چوارچێوەى بوودجەى عێراقدا هاوبەش بن، تەنها دەتوانن دوو دراوسێى باشى یەکتر بن. ئەگەر وەک دراوسێ مامەڵە بکەن دەتوانن لە بوارى دارایی و ئابوورییدا هاوکاریی یەکتر بن، ئەگەر سیاسەتێک لە نێوان هەردوو دابڕێژرێت دەتوانن لە کەرتى نەوت و پێکهاتەکانى سوودیان بۆ یەکتر هەبێت، بە مەرجێک لەسەر بنەمای رێککەوتنى دوو لایەنە بێت، نەک لە چوارچێوەى عێراقێکى یەکگرتوودا لەوبارەیەوە دەڵێت "عێراق نە لە رابردوو، و نە لە ئێستا پابەندى رێککەوتننامە ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان نەبووە و پابەندیش نابێت. بەڵام ئەگەر وەک دوو وڵاتى جیاواز مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، ئەوکات بەغدا دەگاتە ئەو باوەڕەى کە هەرێمى کوردستان تاکە دەروازەی ئابوورى عێراق دەبێت بۆ تورکیا و لە تورکیاوە بۆ هەموو جیهان".
- "حکوومەت لە هەوڵى چارەسەر کردنى قەیرانى دارایی دایە"
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان رایگەیاند "حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵدایە نیو ملیار دۆلار وەک قەرز وەربگرێت بۆ وەبەرهێنانى زیاتر لە بواری نەوت، ئەگەر ئەم قەرزە باش بەکاربهێندرێت دەبێتە هۆى بوژاندنەوەى کەرتى نەوت و غاز و زیادبوونى داهاتى نەوت، بەمەش کێشە داراییەکان چارەسەر دەکرێن".
دڵشاد دەڵێت "حکوومەتى هەرێم بە هاوکارى بانکى نێودەوڵەتى و ژمارەیەک رێکخراوى نێودەوڵەتى دیکە خەریکى چاکسازین لە هەیکەلیەتى ئابوورى هەرێمى کوردستان، یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانیش ئەوەیە کە چی دیکە نەوت و گاز تاکە سەرچاوەى داهاتی هەرێمى کوردستان نابێت، بەڵکو پەرە بە کەرتى کشتوکاڵ، پیشەسازى و گەشتیارى دەدرێت".
دڵشاد شەعبان گوتى: "یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رووى ئابوورییەوە ئەوەیە کە توانیویەتى رێژەی بەرهەمهێنانى نەوت زیاد بکات و لە ئێستادا رۆژانە نزیکەی ٦٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، ئەمە بووەتە هۆى ئەوەى حکوومەتى هەرێم ببێتە خاوەنى ژێرخانێکى ئابوورى لە رێگەی نەوت و غازەوە. دانانی بۆڕى نەوت بەدرێژایی هەزار و ٤٠٠ مەتر لە کەرکووکەوە تاکو بەندەرى جەیهانى تورکی یەکێکى دیکەیە لە سەرکەوتنى کەرتی ئابوورى هەرێمى کوردستان، جێگەى ئومێدە کە ئێستا هەرێم خاوەنى پاڵاوگەى نەوتە، خاڵە هەرە بەرچاوەکانیش ئەوەیە کە کاتێک هەرێمى کوردستان دوچارى بڕینى بوودجە بوویەوە لەلایەن بەغدا، ئەو بەشە نەوتە کەمەى کە لە دەست حکوومەتى هەرێم بوو توانى بەشێک لە بوودجە دابین بکات، سەرەڕاى ئەو کێشانەى کە هەن، دەتوانین خۆمان بەڕێوە ببەین".
چ جۆرە خۆ بەڕێوەبردنێک مەبەستتە؟ شەعبان لە وەڵامدا گوتى: "بڕیارى بڕینى بوودجە و مووچەى فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتى عێراق بڕیارێکى تەواو سیاسى بوو، هیچ پەیوەندییەکى بە فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان نەبووە، ئەگەر هەرێم نەوتیشى نەبووایە بەغدا ئەم بڕیارەى هەر دەدا، مەبەستى من لە ووشەى خۆ بەڕێوەبردن کە حکوومەتى هەرێم توانى دەستە وەستان نەبێت، لە رێگەى فرۆشتنى نەوتەوە لانى کەم نیوەى مووچەى فەرمانبەرانى دابین کرد و، هاوکات ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار ئاوارەشى حەواندەوە، خەرجى شەڕى سێ ساڵەى تیرۆریستانى داعش بە درێژایی هەزار ٥٠ کیلۆمەتر دابین بکرێت و توانراوە خەرجی ١٠ لە سەدى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێت. ئەمانە هەمووى جۆرێکن لە خۆ بەڕێوە بردن".
لەبارەى خاڵە لاوازەکانیش گوتیشى: "ئەوەى راستى بێت وەک هەر وڵاتێکى نەوتى یەکێک لە خاڵە زۆر لاوازەکانى سیاسەتى ئابوورى حکومەتى هەرێم ئەوەبوو کە تەنها پشتى بە کەرتى نەوت و غاز بەست، ئەمەیش سستى خستە سەر کەرتەکانى کشتوکاڵ، پشەسازى و چەندین کەرتى دیکەى کە دەبنە هۆى بوژاندنەوەى ئابوورى وڵات، لەو کاتەى هەرێمى کوردستان تووشى قەیرانى دارایی بوو دەرکەوت کە نابێت نەوت و گاز وەک تاکە سەرچاوەى دابینکردنی داهات پشتى پێببەسترێت".
دڵشاد شەعبان دەڵێت "حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەستى بەوە کردووە کە پشت بەستن بە نەوت و غاز بە تەنها خاڵێکى لاوازە و ناتوانێت بوودجەى هەرێم سەد لە سەد دابین بکات، بۆیە ئێستا لە بەرنامەیدایە هەریەکە لە کەرتەکانى کشتوکاڵ، پیشەسازى و گەشتیارى و چەندین کەرتى دیکە بەهێز بکات، بۆ ئەو مەبەستەیش لە هەماهەنگى تەواودایە لەگەڵ بانکى نێودەوڵەتى و ژمارەیەک رێکخراوى دیکەى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى لەمەودوا نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهات نەمێنێت، بەڵکو کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و هەموو ئەو کەرتانەى دەبنە هۆى بوژاندنەوەى ئابوورى هەرێم و جووڵەى بازاڕ پشتیان پێ ببەسترێت".
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان جووڵەی ئابوورى بازاڕ بە خاڵێکى گرنگى بوژاندنەوەى ئابوورى هەرێمى کوردستان دەزانێت و دەڵێت: "پێویستە جووڵەى ئابوورى بخرێتە نێو بازاڕەکانى هەرێم، وەزارەتى پلاندانانى حکوومەتى هەرێم بەگوێرەی ئەو بەرمانەیەى لەبەردەستی دایە جارێکى دیکە پێداچوونەوە بە پەیوەندى نێوان حکوومەت و کەرتى تایبەت بکات هەروەها دروستکردنى رێگا وبان و پێشکەش کردنى پڕۆژەى خزمەتگوزارى جۆراوجۆر لە رێگەى بەڵێندەرانەوە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات. ئەمە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى رێژەى بێ کارى لە هەرێمى کوردستان".
سەبارەت بە پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتکردنى مووچەى فەرمانبەران، دڵشاد شەعبان دەڵێت : "حکوومەتى هەرێمى کوردستان دوو رێگەى لەبەردەستە بۆ ئەوەى دەستکارى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران بکات، یەکەمیان ئەوەیە داهاتى نەوت زیاد بکات دوومیشیان کەرتى تایبەتى بە تەواوى ببوژێنێتەوە".
دەشڵێت: "ئەگەر داهاتى نەوت بەکاربهێنن بۆ دابین کردنى مووچەى فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت، ئەوا قەرزى کۆمپانیاکان دەکەوێتە سەریەک و ئەو کاتە حکوومەت دووچارەى کێشەى گەورەتر دەبێتەوە لە هەمان کاتیشدا ناتوانرێت پەرە بە کەرتى نەوت، غاز، کشتوکاڵ، پیشەسازى و گەشتیارى بدرێت".
- "٢٣ هەزار فەرمانبەرى نا یاسایى لە کار دوور خراونەتەوە"
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و گاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان باسى چاکسازییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکات و بە هەنگاوى گرنگ بۆ چارەسەرى کردنى قەیرانى دارایی هەرێم وەسفی دەکات. پێیوایە "ئەگەر ئەو چاکسازییە نەبێت حکوومەتى هەرێم ناتوانێت رووبەڕووى ئەو قەیرانانە بێتەوە، چونکە لە ئێستادا ٨٢ لە سەدى بوودجەى هەرێمى کوردستان بۆ دابین کردنى مووچەى فەرمانبەران دەچێت".
دڵشاد شەعبان دەڵێت "سیستەمى بایۆمەترى کە یەکێکە لە هەنگاوەکانى چاکسازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کە تا ئێستا ناوى ٢٣ هەزار فەرمانبەرى نا یاسایی لەم سیستەمە تۆمار کراون و لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، لە نێویاندا هەزار ٦٠٠ کەس هەن کە بە پلەى بەڕێوەبەرى گشتى بە نایاسایی خانەنشین کرابوون. هەندێک کەس مووچەیان بە پلەى وەزیر وەرگرتووە تەنانەت یەک رۆژیش وەزیر نەبووە لە کابینەکانى حکوومەت، دەیان کەس و نموونەى دیکەیش لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، ئەم سیستەمى بایۆمەترى دوو مووچەیی و سێ مووچەیی بنبڕ کردووە، بەڵام فەرمانبەرانى بندیواری بنبڕ نەکردووە. بۆ نەهێشتنى مووچەخۆرانى بندیوار پێویستە حکوومەتى هەرێم بە تایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانی کوردستان پێداچوونەوەیەکى تەواو بە مووچەخۆرانى کە پێى دەڵێن "بندیوار" بکەن، چونکە ئەمە کێشەیەکى گەورەى بۆ هەرێمى کوردستان دروست کردووە".
- "پەکەکە زیانى بە ئابوورى هەرێم گەیاندووە"
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، دڵشاد شەعبان نیگەرانە لەوەى چەکدارانى پەکەکە لە رووى کشتوکاڵى و گەشتیارییەوە زیانیان بە ئابوورى هەرێمى کوردستان گەیاندووە و باس لەوە دەکات کە "لەزۆرینەى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک مەترسیان بۆسەر گەشتیاران دروست کردووە، هەڵکەوتەى جوگرافى هەرێمى کوردستان وایە کە هەرچوار وەرزى ساڵى تێدایە کە ئەمە لە هەموو وڵاتێک نییە، بۆیە گەشتیاران خواستیان لەسەر ئەوەیە سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن، ئەگەر لە رێگەى کۆمپانیاى تایبەتە ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە سوودى لێوەربگیرێت، بێگومان هەرێمى کوردستان لە رووى گەشتیارییەوە پلەى یەکەم بە دەست دەهێنێت لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ ئەوەى بەو ئامانجەمان بگەین پێش هەموو شتێک دەبێت هەڕەشەکانى پەکەکە لەسەر ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان نەهێڵدرێت و ئاسایشى تەواوى ناوچە گەشتیارییەکان پارێزراو و سەقامگیر بێت".
دڵشاد شەعبان ئاماژەى بەوەشدا کە پەکەکە زیانى بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمى کوردستان گەیاندووە بەوەى ناوچەیەکى زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى لە جۆتیاران زەوت کردووە، نەتانەت بوونەتە هۆى ئەوەى ٩٠ لە سەدى گوندەکانى شارەدێى کانى ماسێ و شیلادزێ چۆڵ بکرێن و خەڵک بەرەو شارەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان ئاوارەبن، ئەمەیش لە رووى ئابوورییەوە بە زیانێکى گەورە هەژمار دەکرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بوژاندنەوەى کشتوکاڵى و گەشتیارى تێدا بکرێت".
- کێشەکانى دانەغاز لەگەڵ هەرێمى کوردستان
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان لەبارەى کێشەکانى نێوان کۆمپانیاى دانەغازى ئیماراتى و حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: "کێشە لە ناوەڕۆکى گرێبەستى نێوان کۆمپانیاى دانەگاز و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە، کێشەى سەرەکى ئەم گرێبەستە ئەوەیە کە چەند بڕگەیەکی گرێبەستەکە شیکردنەوەى جیا جیاى بۆ دەکرێت".
گوتیشى: "بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکانیان حکوومەتى هەرێم و کۆمپانیاى دانەغاز لە دادگاى لەندەن سکاڵاى یاساییان لە دژى یەکتر تۆمار کردووە، ئێستاش کێشەکان یەکلایی نەبووەتەوە. لە هەندێک بڕگەى گرێبەستەکەدا حکوومەتى هەرێم سەرکەوتوو بووە لەبەرامبەر دانەگاز، لە یەک دوو بڕگەى گرێبەستەکەدا دانەگاز سەرکەوتووە بەسەر حکومەتى هەرێم".
دڵشاد شەعبان ئەوەیشى گوت "یەکێک لەو خاڵانەى کە دانەغاز سکاڵاى لەسەر حکوومەتى هەرێم تۆمارکردووە، پێدانی دەست حەقی کۆمپانیاکەیە و مافى خۆیەتى١٢١ ملیار دۆلار لە حکوومەتی هەرێم وەربگرێت و حکومەتیش پابەندە بەوەى ئەم بڕە پارەیە بە دانەغاز بدات، بەڵام لە ئێستادا ئەم بڕە پارەیەى لە بەردەستدا نییە".
جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانی کوردستان رەخنە لە چۆنیەتى کارکردنى کۆمپانیاى دانەغاز دەگرێت و دەڵێت: "جیاوازى کۆمپانیاى دانەغاز لەگەڵ هەموو ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن ئەوەیە، هەموو کۆمپانیاکان بۆ دوو ئامانجى سەرەکى هاتوون یەکەمیان بۆ قازانج کردن دووەمیان بەرپرسیارێتى ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە لەو شوێنانەى کە کارى تێدا دەکەن، بەڵام دانەغاز بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر هاتووە و، بەرپرسیارێتى ئەخلاقی و کۆمەڵایەتى ئەدا ناکات و ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت کە هەرێمى کوردستان ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار ئاوارەى لە خۆ گرتووە، بیرى لەوە نەکردووەتەوە کە بەغدا مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕیوە، لە خەیاڵیدا نەبووە کە هەرێمى کوردستان بە درێژایی هەزار ٥٠ کیلۆمەتر لەشەڕدایە لەگەڵ تیرۆریستانى داعش، خۆى بێ ئاگا کردووە لەوەى گوزەرانى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى خراپدان، لە کاتێکدا بە خۆشحاڵییەوە هەموو کۆمپانیاکانى دیکە پێچەوانەى دانەغاز هاوسۆزن لەگەڵ حکوومەت و رەچاوی دۆخی هەرێمى کوردستان دەکەن".
دڵشاد شەعبان دەڵێت "ئەگەر دانەغاز پێىوایە کۆمپانیاکان لە هەرێمى کوردستان حەق دەستیان وەرگرتووە گەیشتوونەتە قۆناغى قازانج، ئەمە دوورە لە راستى، چونکە نەک حەق دەستیان وەرنەگرتووە، بەڵکو لە ساڵى ٢٠١٤ کۆمپانیاکان ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاریان وەک قەرز داوە بە حکومەتى هەرێم، بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و مووچەى فەرمانبەران دابین بکەن، ئەم کۆمپانیایانەش دەتوانن هەمان سياسەتی دانەغاز پەیڕەو بکەن و سکاڵا لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دادگایەکى نێودەوڵەتى تۆمار بکەن، بەڵام نایکەن چونکە خاڵى دووەمى ئامانجەکانیان بریتییە لە بەرپرساریەتى رەوشتى و کۆمەڵایەتى"
دڵشاد شەعبان هیواخوازە کە "دانەغاز هاوشێوەى هەموو کۆمپانیاکانى دیکەى هەرێمى کوردستان مامەڵە بکات، ئەگەر مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمیش ناکات با مامەڵەى باش لەگەڵ خەڵکەکەی بکات و رەچاوی بارودۆخ و گوزەرانى هاووڵاتییان بکات".
دڵشاد داواى پاشگەزبوونەوە لە کۆمپانیاى دانەغاز دەکات و دەڵێت "داوا دەکەم ئەم کێشەیە بە دیاڵۆگ کۆتایی بێت و لە سکاڵاکەیان پاشگەز ببنەوە، ئێمەیش وەک لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین بۆ چارەسەرکردنى کێشە بە لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاى ناوبراو".
لەبارەى بۆچى ئەو داوایە لە دانەگاز دەکات جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانى کوردستان، دڵشاد شەعبان گوتی: "کۆمپانیاى دانەغاز پشتى بە چەند بڕگەیەکى یاسایی بەستووە و ژمارەیەک پارێزەرى بەئەزموونی بۆ یەکلاییکردنەوەى کەیسەکە راسپاردووە، کە رەنگە چەندین ملیار دۆلارى دیکەى لە هەرێمى کوردستان دەستبەکەوێت کە بەهیچ شێوەیەک مافى دانەغاز نییە".
news_share_descriptionsubscription_contact

