Zana Natık Kerem
21 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، عەمید مزهەر خەڵەف رایگەیاند كە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ لەژێر بۆردومانی هێزەكانی عێراقە.
مزهەر خەڵەف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا، هێزەكانی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵ و سوات و فیرقەی ٩ی زرێپۆش، تەنها بەدوو كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ دوورن".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانی عێراق بۆ هێرشەكردنە سەر فڕۆكەخانەكە ئامادەن بۆ ئەوەی لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەری بهێنن.
ناوبراو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هێڵی یەكەمی بەرگری داعش لە فڕۆكەخانەكەدا، تێكشكێنراوە و لە كاتژمێرەكانی داهاتووشدا، كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەكە رادەگەیەنێرێت.
مزهەر خەڵەف روونیشیكردەوە كە كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵ بەگورزێكی كوشندە بۆ داعش دادەنرێت لە رۆژئاوای مووسڵ چونكە تیرۆریستییەكانی ئەو فڕۆكەخانەیە وەك بارەگایەكی سەرەكی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانیان بەكار دەهێنن لەو كاتەی مووسڵیان كۆنتڕۆڵ كردووە.