Dilşad Seyfeddin Ahmed
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی تاهیر عەبدوڵڵا لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵانەی فڕۆكەخانەكەی راگەیاند، ئەو لە كۆنگرەكەیدا ئاماری زیانەكانی راوەستانی گەشتەكانی ئاسمانیی فڕۆكەخانەكەی بۆ ماوەی چوار رۆژ بەهۆی هێرشی مووشەكی ئاسمانی رووسیا بۆ سەر ناوچەكانی سووریا ئاشكرا كرد.
بە گوێرەی ئامارەكە لە ساڵی 2015دا كۆی گشتیی گەشتیاران (هاتن و رۆشتن) لەو فڕۆكەخانەیەوە 574 هەزار و 645 گەشتیار بووە كە بە بەراورد بە ساڵی 2014 رێژەی 10 لەسەد زیادی كردووە.
هەروەها كۆی گشتی گەشتەكانی هاتن و رۆشتن شەش هەزار و 999 فڕۆكە بووە جگە لە هاتن و رۆشتنی فڕۆكەی تایبەت و جەنگی، بەو پێیەش تێكڕای گەشتەكانی رۆژانە دە گەشت بووە.
كۆی گشتی ئەو كاڵا و شمەكانەی لە ماوەی ساڵی رابردوو هاوردە كراون نۆ هەزار و 655 تۆن بووە، لە بەرامبەردا 265 تۆن كاڵا و شمەك هەناردەی دەرەوە كراوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2014ش رێژەی 22 لەسەد هاوردە و هەناردەكردن زیادی كردووە.
بە گوێرەی ئامارەكە نشینگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی لە ماوەی ئەو ساڵەدا 124 بەڵگەنامەی ساختەی دەستگیر كردووە، هەروەها 245 كەس بۆ سلێمانی سنوورداش كراونەتەوە، 27 كەسی تریش لە سلێمانییەوە بۆ وڵاتەكانیان سنوورداش كراونەتەوە.
لە بەشی ڤێتەرنەری فڕۆكەخانەش هاوردەكردنی هەزار و 893 رەشەوڵاخ و 15 جۆر باڵندە و 43 سەگ تۆمار كراوە، هەروەها دەست بەسەر 162 كیلۆ گۆشتی بەرازدا گیراوە كە ویستراوە بهێنرێتە شاری سلێمانی.
لە ئامارەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 171 هەزار و 952 كارتۆن جگەرە هاوردە كراوەو 61 كارتۆنی تریش گەڕێنراوەتەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لە بارەی راگرتنی گەشتەكان و زیانەكانەوە دوا و گوتی: "لە ماوەی ساڵی 2015دا 10 جار ئاسمانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەهۆی كەشوهەواوە داخراوە، هەروەها بۆ ماوەی چوار رۆژ (96 سەعات) بەهۆی هێرشی مووشەكی رووسیاوە بۆ سەر سووریا ئاسمانی هەرێم داخرا، ئەوەیش زیانی گەورەی لێكەوتەوە و تەنها زیانەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەو چوار رۆژەدا 385 هەزار و 953 دۆلار بووە".
تاهیر عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت: "عێراق هاوكاری فڕۆكەخانەكەكانی هەرێم ناكات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێك داوای ئەوەمان كردووە هەرێم هێڵێكی ئاسمانی تایبەتی خۆی هەبێت هاوشێوەی هێڵی ئاسمانی عێراق و سەربە هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە ئەنجامێكی نەبووە".
فڕۆكەخانەی سلێمانی لە ساڵی 2005 دامەزراوە، هەزار و 910 كارمەند لە فڕۆكەخانەكەدا كار دەكەن و هەفتانە نزیكەی 100 گەشتی ئاسمانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە.