Heman Hussein Yaseen Yaseen
01 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2019
هەولێر - AA
دوای ئەوەی ژمارەیەک کەسی دەمامکدار کە چەکیان بەدەستەوەیە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، خۆیان بەناو "ھێزی پاراستنی جەوھەریی باشووری کوردستان" ناساند و رایانگەیاند کە بنکە و بارەگاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند کە گرووپەکانی سەربە پەکەکە بەناوی جیاجیا هەوڵی پەردەپۆشکردنی کردە نەشیاوەکانی خۆیان دەدەن و ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئەو جۆرە گرووپانە جێگایان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە پەکەکە بەناوی جیاجیا هەوڵیداوە پەردەپۆشی کردە نەشیاوەکانی خۆی بکات، هەر گرووپێک کە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەر بکات، ئەو گرووپە جێگای نابێتەوە لە هەرێمی کوردستان چونکە ئێمە نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەیەک بۆ هەر گرووپێک کە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات، بوونی ئەو جۆرە گرووپانە لە هەرێمی کوردستان بووەتە مایەی نیگەرانی هەموو لایەک، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە شەڕ و پێکدادان هەبێت و زەرەر و زیان بە هاووڵاتییان و ناوچەکە بگات".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کرد کە بە هۆی بوونی ئەو گرووپەوە چەندین گوند لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و گوتی: "بە هۆی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی سەر سنوور نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بوونی ئەو چەکدرانە لەو ناوچانە، هیوادارین دووبارە بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و کاردانەوەیەکی وا نەکەن ببێتە هۆی ناخۆشی و نەهامەتی".
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێندرێت و ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان تێکبدرێت.