Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، مەحمود محەمەد و ئەندامێتی دڵشاد شەهاب و فرسەت سۆفی و ئومێد سەباح بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركووك لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی و لەگەڵ شاندێكی ئەو حزبە بە سەرۆكایەتی ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبەكە، قادر حەمەجان و ئەندامێتی خالید شوانی و لەتیف شێخ عومەر و شاڵاو كۆسرەت رەسول كۆبوونەوە.
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندەكە، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، كۆبونەوەكەیان بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوەچووە و وەك یەك تیم لەسەر پرسەكان بەتایبەت چارەنووسی حوكمڕانی لە هەرێم و گرفتەكانی پارێزگای كەركووك قسەیان كردووە.
دڵشاد شەهاب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ گوتەبێژی یەكێتی دوای كۆبوونەوەكە گوتی: "لەسەر هەندێك پرسی هاوبەشی وەك چارەنووسی حوكمڕانی لە هەرێم و چارەسەركردنی گرفتەكانی پارێزگای كەركووك و هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوە و هەنگاونان بۆ دانان و ناوهێنانی پارێزگارێكی كورد كە پشكی كوردە، لەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆدا هەردوولا وەك یەك تیم گفتوگۆیان لەسەر كرا، ئەمەش رێگایەكی دوور و درێژە و ماوەیەكی زۆرە دەستمان بەم كۆبوونەوانە كردووە بەتایبەت لەسەر پرسی كەركووك".
ئەو گوتی: "كار لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك و رەخساندنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد دەكرێت لە كەركووك، ئەم هەنگاوانەش دەمێكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتی كاری لەسەر كراوە، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی باش كراوە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بە جددی لەسەر خەتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركودك و ناوچە دابڕێنراوەكان".
بەرپرسەكەی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد، پۆستی پارێزگاری كەركووك پشكی لیستی برایەتییە و دەبێت پارێزگاری كەركووك كاندیدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و لیستی برایەتی و سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە بێت.
دڵشاد شەهاب ئەوەشی گوت "هەڵسەنگاندمان بۆ دۆخی ئێستای كەركووك كرد و ئومێدمان زۆرە كە دەتوانین لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بگەینە ئەنجام، هەروەها گفتوگۆش لەسەر ناوهێنانی یەكێك لەو بەڕێزانەی كە كەسایەتی ئەو شارەن و خزمەتی كەركووكیان كردووە و ئامادەییان هەیە وەك پارێزگاری ئەو شارە كار بكات نەك پارێزگاری هیچ نەتەوە و لایەك، بۆچونی پارتی و یەكێتیش وایە كە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگار و لە دواجاردا لەسەری رێك دەكەوین و ناوی دەهێنین كاندیدێكی هاوبەشی هەردوولا دەبێت پاشان كاندیدی لیستی برایەتی دەبێت، دواتر هەموو هەوڵێك دەدەین كە كاندیدی هەموو لیست و پێكهاتەكانی تری شارەكە بێت".
لای خۆیەوە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەتیف شێخ عومەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: "جگە لە تەوەری كەركووك باسمان لەوەش كرد كە هەموومان دەبێت پەلەبكەین و بە پەرۆشەوە هەنگاوی گەورە بنێین تا لە كات و وادەی خۆیدا كابینەی نۆیەمی حكوومەت پێكبێت و دەست بە كارەكانی بكات، وەك خۆشمان جەختمانكردەوە لە ئامادەیی و پەرۆشی خۆمان بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێكی راستەقینە بەشداری كابینەكە بكەین و ئامادەكارییەكانی خۆمان لەو بارەیەوە دەستپێكردووە".