Hawkar Yaseen
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە نیگەرانی دەربڕی دەربارەی رووداوی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە شاری بەغدا.
هێمن هەورامی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند "بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانمان دەکەن کە گەورەترین فراکسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی ئەوەشەوە کە لەکاتی پەلاماردانەکەدا، سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کراوە، ئاڵایەک کە رەمزی هیچ حزبێکی سیاسی نییە رەمزی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە، بۆیە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان نیگەرانە و نیگەرانی توندی خۆشمان بەرامبەر بەم رەفتارە ناشایستەیەی دەرچووانی یاسا دەردەبڕین وە لەسەر خەتین هەم لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەم پەرلەمانی عێراق بۆئەوەی بکەرانی ئەو تاوانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "حکوومەتی هەرێم لەسەر خەتە و ئێمەش لەڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆمانەوە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق و هێزە سیاسیەکان لەسەر خەتین، ئەوانیش بە فەرمی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و سەرۆکوەزیرانیش سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وزاری عێراقی کردووە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمەش کۆمەڵێک خەڵک دەستگیرکراون، بەڵام هیوادارین دەسەڵاتی میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان زیاتر نەبێت لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران و حکوومەتی عێراق بۆئەوەی بتوانین ئەمە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئەوەی کە کراوە بە تەنیا بەرامبەر پارتێکی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵکو بەرامبەر هەیبەتی دەوڵەت، پێکەوەژیان و بنەماکانی دەستوور کراوە".
هێمن هەورامی لە وەڵامی ئەوەی وەک پەرلەمانی کوردستان کێ بە بەرپرسیار لە رووداوەکە دەزانن گوتی: "ئەوەی کە بەفەرمی بەرپرسیارە لە ئاسایشی بارەگاکان و نێردە دیبلۆماتییەکان حکوومەتی عێراقە، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان سەرکردایەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات، ئەوەی کە لە پەرلەمانی عێراق یاسایان بۆ دەرکرا بۆیە ئەوان بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانین نەک هێزێکی سیاسیی شیعە یان هەر لایەنێکی دیکە".
هێمن هەورامی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لە بابەتی پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی رایگەیاند "بابەتی پرساندن بابەتێکی پەیڕەوییە مافی هەر ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانە بەپێی ماددەی ٦٨ و ٦٩ لە پەیڕەوی ناوخۆ، دوای ئەوەی بۆجاری دووەم ٢٣ ئەندامی پەرلەمان یاداشتی پرساندنیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد، رۆژی ٣٠ی ئەیلوول نووسراوی پرساندنەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، چونکە بابەتێکە پەیوەندی بە سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی هەبووە، بەپێی ماددەی ٧٠ بڕگەی دووەم دەبێت ئەوانەی پرساندنیان لێ کراوە لەماوەی ١٤ رۆژدا وەڵام بدەنەوە، من لێرەوە رایدەگەیەنم کە بە چەند رۆژێک پێش وادەکەی خۆیان لە رۆژی ١١ی تشرینی یەکەم وەڵامی پرساندنەکەیان بۆ ناردینەوە و وەڵامەکە ئێستا لای ئێمەیە، بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی ٧٠ لە پەیڕەوی ناوخۆ هەم پرساندنەکە هەم وەڵامی پرساندنەکە لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا وەک ئەرکێکی پەیڕەوی دەیخەینە بەرنامەی کارەوە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی دەربارەی کاتی دانیشتنەکەش گوتی: "ئێمە چاوەڕێین لەم هەفتەیەدا لیژنەی یاسایی و لیژنە تایبەتمەندەکانی دیکە هەندێک راپۆرت لەسەر خوێندنەوەی دووەمی بابەتی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت و هەندێک لەو پرۆژە و پێشنیازە یاسایانەی دیکە کە هەن راپۆرتەکان تەواو بکەن، کەی ئەو راپۆرتانە تەواو بوو لەگەڵ بابەتەکانی دیکە بەرنامەی کار رادەگەیەنین و دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات".
هێمن هەورامی لەبارەی راپۆرتی سێ مانگی سەرەتای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان کە دەبوو ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی بکات گوتی: "راپۆرتی جێبەجێکردنی سێ مانگی سەرەتای پرۆژەی چاکسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە، ئەگەر ئەمڕۆ نەگاتە دەست ئێمە، رەنگە یەک دوو رۆژی دیکە بگات و بێتە پەرلەمان".