Zana Natık Kerem
21 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ هۆشداری ئەوەی دا كە لەوانەیە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، پێشێلكاریی و كوژرانی خەڵكی مەدەنی لە مووسڵ لە تەلەعفەر دووبار ببێتەوە.
لە راپۆرتێكدا كە روانگەكە بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە كە پێویستە لەسەر هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر، زیاتر گرنگی بە پاراستنی خەڵكی مەدەنی بدەن و رێگەش نەدەن ئەزموونی پێشێلكاری و كوژرانی مەدەنی كە لە مووسڵ رووی دا لە تەلەعفەر دووبارە ببێتەوە.
بە پێی ئامارە فەرمییەكان لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ كە ماوەی نۆ مانگی خایاند، سێ هەزار مەدەنی كوژراون بەڵام سەرچاوەكان بە ئاژانسی ئانادۆڵۆیان راگەیاندبوو كە ژمارەی كوژراوەكان پێنج هەزار مەدەنی تێپەڕاندووە.
راوانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندووە كە هیچ ئۆپەراسیۆنێك گرنگی نابێت ئەگەر گرنگی بە پاراستنی گیانی مەدەنی نەدرێت و لە شە و پێكدادانەكان دوور نەخرێنەوە.
بە پێی روانگەكە، ١٢ هەزار مەدەنی لە تەلەعفەردا ماوەن كە لە لایەن داعشەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر و بەدەست نەبوونی خۆراك و ئاوی خواردنەوەو دەناڵێنن.
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ پێشبینی كردووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەردا، ١٠ هەزار كەس لە شارەكە ئاوارەبن.
روانگەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤیان ئەنجامدابوو، هەروەها پێشێلكارییەكی دیكەدا كە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا ئەنجام درابوو ئەوە بوو، فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە شێوەیەكی نا ورد حەشارگەكانی داعشیان بۆردومان دەكرد.
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ روونشیكردووەتەوە كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە كە یەكەیەك لە هێزە ئەمنییەكان، پێشێلكاریی بەرامبەر خەڵكی مەدەنی لە شاری مووسڵ ئەنجامداوە.
بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەرعەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هێزەكانی سوپا، دژە تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی راگەیاندبوو.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دابینكراوە.