Şahin Demir
21 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2017
ئیستانبوڵ - AA
رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، عەلی خامنەیی، ئاشکرایکرد دەستوەردانەکانی وڵاتەکەی لە هەریەک لە سووریا و عیراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا، فەرماندەی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی لەمیانی گوتارێکدا لە کۆنفرانسی مزگەوتەکانی جیهان کە لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچووە، ئاماژەی بەوەکردووە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی، سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد وەک دیکتاتۆر تەماشا دەکەن، بەڵام عەلی خامنەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی لە بابەتەکە دەڕوانێت.
قاسم سولەیمانی رایگەیاندووە ''ژمارەیەک لە دۆستانمان لە ناوخۆ و دەرەوە کە لە پۆستە باڵاکاندان دەیانگوت ' مەچنە نێو سووریا و عێراقەوە، تەنها ئێران بپارێزن بەسە'. تەنانەت یەکێکیان گوتبووی 'واتە ئێمە بڕۆین بەرگریی لە دیکتاتۆرەکان بکەین؟'. بەڵام رابەر (عەلی خامنەیی) وەڵامی دایەوە و گوتی 'ئایا تەماشای ئەوە دەکەین کە ئەو وڵاتانەی پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیاندا، کامەیان کاربەدەستەکەی دیکتاتۆرە یان نا؟ ئێمە تەماشای بەرژەوەندییەکانمان دەکەین'.
ئێران کە بە تێکدانی سەقامگیریی لەناوچەکە و گرتنەبەری سیاسەتی مەزهەبگەرایی تاوانباردەکرێت، بەتایبەت بەهۆی پشتیوانییکردن لە رژێمی سووریا، بە بەرپرس لە گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی سووریی دەزانرێت.