Etem Geylan,Emrah Güney,Muhammet Ali Kemal
21 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ شانشینی ئوردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و ئاماژەی بەوەکرد لەدوای چوار ساڵ ئەمە یەکەم سەردانە بۆ ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات و تیایدا تاوتوێی ئەو هەنگاوانە دەکەین کە دەتوانین لە رێگەیەوە پەیوەندییەکانمان بەرەوپێشبەرین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەکرد دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٨دا کە سەرۆکوەزیران بووە سەردانی ئوردنی کردووە و گوتی: ''سەردانەکەم لە رووی یادی ٧٠ ساڵەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیشەوە، مانادارە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئوردندا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ساڵی رابردوو سەرۆکوەزیرانمان سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، ئەمساڵیش لە مانگی ئاداردا سەرۆکوەزیرانی ئوردن سەردانی تورکیای کرد. لە رێگەی ئەم سەردانەمەوە، سوپاسی ئەو پشتیوانییەی سەرجەم کاربەدەستانی ئوردن لە سەرووی هەمووشیانەوە، برام شا عەبدوڵڵا دەکەم''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەکرد ئوردن میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کردووە و تیشکی خستە سەر ئەوەی تورکیا و ئوردن دوو وڵاتن کە راستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکانی ناوچەکە دەکەوێتە سەریان.
لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەواناندا بەوەی ''هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران سەردانی تورکیای کرد. ئەوە دەزانرێت کە تورکیا پلانی هەیە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل و شنگال ئەنجام بدات. باس لەوە دەکرێت لەم سەردانەدا بڕیارێک لەوبارەیەوە درابێت. بۆچوونی ئێوە چییە لەوبارەیەوە؟'' سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد هەموو کاتێک ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەوشێوەیە لە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە بوونەتە مایەی هەڕەشە لە رۆژەڤدایە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە میانی ئەو هاریکارییەدا سەرۆک ئەرکانی هەردوو وڵات کۆبوونەتەوە و گوتی: "لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و رەهەندی دیپلۆماسی ئەم هاریکارییە دواین. لە پێشوازیەکەی مندا لەبارەی پێویستی ئەوەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان چۆن بێت دواین. کارەکان بەردەوام دەبن. چونکە وەک دەزانن پژاک باڵی ئێرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیە. ئەوان بەردەوام زیان بە ئێمە و ئێران دەگەیەنن. ئەم هاریکارییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانیان بە شێوەیەکی خێراتر و کورتمەوداتر دەگاتە ئەنجام. هیوادارم ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە".