Hemin Hüseyin
05 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی چارەنووسی کەرکووک رایگەیاند "کەرکووک بە تەنها شارێکی کوردی نییە، هی تورکمان و عەرەبیشە".
نێچیرڤان بارزانی کە بەشداری رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی رۆژنامەنووس، شیفا گەردی کرد لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی چارەنووسی کەرکووک و پرسی ئاڵای هەرێمی کوردستان کە سەرکۆماری تورکیا رایگەیاندبوو "کەرکووک تەنها هی کورد نییە"، رایگەیاند "کەرکووک بە تەنها شارێکی کوردی نییە و هی تورکمانە و هی عەرەبیشە بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەکانی ئەم شارە بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن".
نێچیرڤان بارزانی لە قسەکانیدا گوتی: "کەرکووک شاری کورد و تورکمانە و عەرەبە. لە رابردووش هەروا بووە و لە ئێستاشدا هەر وایە و لە داهاتووشدا هەر وا دەمێنێتەوە. هەر ئەو نەتەوانەی لەو شارە دەژین دەبێت بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم شارە بدەن و هیچ لایەنێکی تر ناتوانێت بڕیار لەسەر داهاتووی کەرکووک بدات جگە لەو نەتەوانە و ئەم نەتەوانەش کورد و عەرەب وتورکمان و مەسیحین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پرسی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک زیاد لە پێویست گەورە کراوەوە و گوتی: "پرسی ئەم ئاڵایە 2003ەوە هەر هەبووە بەڵام ئەم دژکردەوەی ئێستا پێمان وایە زیاتر گەورە کراوە، بەڵام ئەگەر سەیری 2014 بکەین، کاتێک داعش هێرشی کرد و مووسڵی گرت، بارودۆخی کەرکووک زۆر لە مووسڵ خراپتر بوو. ئەوەی کەرکووکی پاراست پێشمەرگە بوو. پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر ئەم ئاڵایە بوو کە کەرکووکیان پاراست. ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە نە ئاڵای عێراق دەبوو و نە ئاڵای کوردستان دەبوو و ئاڵای داعش لەوێ دەبوو".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ستایشی ئیدارەی شارەکەی کرد لە بەڕێوەبردنی ئەو شارە و رایگەیاند "ئاوارەیەکی زۆر لەم شارە دەژین. تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارە دروست نەبووە".