Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە یەكەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدرال، مستەفا كازمی كۆبووەوە.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی، بەردەوامیی گفتوگۆی هەولێر-بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، مەترسییەكانی تیرۆر و جموجۆڵەكانی داعش، دۆخی ناوچەكە بەگشتیی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كراون.
ئاماژەی بەوەیش داوە لە كۆبوونەوەكەدا كە جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگی و پێویستیی كاری پێكەوەیی و هاوبەشیی هەموو پێكهاتە و لایەنەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان كردووەتەوە، هەروەها هەردوولا كۆك بوون لەسەر گرنگیی هاریكاری و هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر و دڵنیابوون لە نەهێشتنی داعش.
راشیگەیاندووە نێچیرڤان بارزانی و مستەفا كازمی دەربارەی كێشەكانی هەولێر-بەغدا، داكۆكییان لە بەردەوامیی گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیری یەكجاری بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و هاوكاریی نێوان حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان كردووەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی ئاماژەی بە گرنگیی بنیاتانەوەی متمانە كردووە و رایگەیاندووە كە پێشتر لە بابەتی مامەڵەمەكردن لەگەڵ كێشەكان كەموكوڕی هەبووە و هیوای خواستووە كە هەردوولا بتوانن بە تێڕوانینێكی تازەی هاوبەش هەنگاو بۆ چارەسەری بنێن.
ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە چارەسەركردنی بنچینەیی و یەكجاریی كێشەكان لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە و سەقامگیری بۆ وڵات دەگەڕێنێتەوە.
بڵاویشی کردووەتەوە کە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، پاراستنی سنوورەكان و سەروەریی عێراق، سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا، سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ عێراق و ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون و لەوبارەوە نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە داوە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەیە هاوكاری و پشتیوانی عێراق بكات، گرنگە عێراقیش بتوانێت سوود لەو دەرفەتە ببینێت.