Heman Hussein Yaseen
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
میر عیسمەت تەحسین بەگ رایگەیاند کە ژیانی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا ناخۆشە و ئەوان دەخوازن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هۆکاری نەگەڕانەویش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە کە پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکەوە هەیە.
میر عیسمەت تەحسین بەگ کە لەئێستادا لەجیاتی میری ئێزدییەکان میر حازم تەحسین بەگ کاروباری ئێزدییەکان هەڵدەسوڕێنێت، پێی وایە دۆخی ئێزدییەکان خراپە و هەندێکجار ئەو گرفتانەی لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکان دروست دەبێت کەمتر نییە لەو کارەساتەی لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا، بەسەر شنگال-دا هات.
میر عیسمەت تەحسین بەگ سەبارەت بە رەوشی ئێزدییەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتی شنگال و رۆژ بە رۆژ خراپترە و فەرمان هەر بەردەوامە، هەندێک ئاستەنگ بۆ ئێزدییەکان دروست دەبێت کە لە راستیدا جارێکی دیکە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤ بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە کەمپەکان لە وەرزە جیاوازەکاندا گرفتی ژیان بۆ ئێزدییەکان هەیە و دۆخی تەندروستی و بابەتی کۆرۆنایش گرفتێک و هەڕەشەیەکی دیکەیە لەبەردەم ئێزدییەکانی ناو کەمپەکان".
میر عیسمەت تەحسین بەگ گوتیشی: "بە گشتی رەوشی ئێزدییەکان باش نییە و ئەگەر خەڵک جارێک رەوشی باش نەبێت، ئەوا ئێزدییەکان دووجار، چونکە دوای پەلامارەکانی داعش، ئێزدییەکان زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق دۆخەکە کەمێک ئاسایی بووەتەوە و بەشێکی زۆری عەرەبەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئێزدییەکان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بەتایبەت خەڵکی شنگال، چونکە ژیان لە شنگال لەژێر مەترسیدایە و هەندێک چەکدار لەوێ هەن و بووەنەتە هۆی تێکدانی دۆخەکە و داوا دەکەین شنگال چۆڵ بکەن و شنگال بکەوێتەوە دەست خەڵكی ناوچەکە".
میر عیسمەت تەحسین بەگ ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە دووخاڵ هەیە بوونەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و گوتی: "هۆکاری نەگەڕانەوەی ئیزدییەکان بۆ دووخاڵ دەگەڕێتەوە، یەکێکیان ناوچەکە هیچ خزمەتگوزاری تیادا نییە، دووەمیشیان چەکدارانی ئەوێ نا شەرعین و بوونەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆیە پێویستە ئەو دوو خاڵە چارەسەر بکرێت، دەنگۆی ئەوەمان بەرگوێ کەوتووە کە چەکدارەکان منداڵی خوار ١٨ ساڵ هەڵدەخەڵەتێنن و راهێنانی سەربازییان پێ دەکەن کە ئەمە لە رووی یاساییەوە رێگا پێ دراو نییە".
میر عیسمەت تەحسین بەگ گوتیشی: "ئەگەر لە رووی ئەمنییەوە ناوچەکە سەقامگیربێت و خزمەتگوزاریش هەبێت، ئەوا بێگومان خەڵک دەچێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، بەڵام بە گشتی باوەڕم وایە سەدا ٩٩ی خەڵکی شنگال ناخوازن چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکانیان بوونی هەبێت و دەیانەوێت شنگال بکەوێتە دەست خەڵکی ئێزدی و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش مانگی ئابی ٢٠١٤".
میر عسمەت تەحسین بەگ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی رەوشی تەندروستی لەناو کەمپەکان و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گوتی: "بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکوومەت، دۆخی تەندروستی زۆر باش بووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە، دەرگای کەمپەکانیان داخست و رێگایان نەدا هاتوچۆ هەبێت و ئەمەیش کاریگەری باشی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان هەبوو".
لە سێی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش دوای کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ و دەستخستنی چەک و تفاقێکی زۆری سوپای عێراق، بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماری قەزای شنگال-یان دا، کچ، ژن، پیاو و منداڵانی شنگال-یان خەڵتانی خوێن کرد، داعش ھەموو کردەیەکی تیرۆریستی تاقی کردەوە بەرامبەر شنگالییەکان و کوردی ئێزدی.
لە رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ھێزەکانی پێشمەرگە، بە بەشداری حەوت ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەخۆی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێ کرد و لە ماوەی شەو و رۆژێکدا، شنگال لە داعش رزگار کرا. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە ١٠٠ تیرۆریستی داعش کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.
تا ئێستاش دوای پێنج ساڵ لە رزگارکردنی شنگال، ئاوارەکانی شنگال نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هۆکارەکەیشی بۆ بوونی هێزی چەکداری نایاسایی لە ناوچەکە دەگەڕێننەوە و شنگالییەکان چەندین جار دژبە بوونی ئەو هێزانە خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و رۆژی ٢٩ی تەمووزی رابردووش، جارێکی دیکە ئێزدییەکانی شنگال دژبە بوونی تیرۆریستانی پەکەکە لە ناوچەکە و بەمەبەستی ئازادکردنی منداڵە رفێنراوەکانیان، خۆپیشاندانێکیان ساز کرد و بانگەوازیان ئاراستەی حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردبوو.