Heman Hussein Yaseen
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٧٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ٢٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەیش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ٢٩ ھەزار و ٩٢٦ و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە ھەزار و ١٢٥ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاو کردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج ھەزار و ٢٥٥ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ھەزار و ١٣٥ لە ھەولێر، ٧٦٤ لە سلێمانی، ٨٥ لە گەرمیان، ٧٠ لە ھەڵەبجە و سێ ھەزار و یەک کەسیش لە دھۆک بوون، دەرەنجام ٥٧٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ٢٧حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ١٦٤ تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان
شاری سلێمانی، ٩٧ تووشبوو، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان
ئیدارەی گەرمیان ٢٥ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان
ئیدارەی راپەڕین، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان
پارێزگای دھۆک، ٢٦٨ تووشبوو، حەفت حاڵەتی گیانلەدەستدان
ھەڵەبجە، ٢٥ تووشبوو
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٤٩ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە کە ٢٧٨ لە ھەولێر، ٣٦ لە سلێمانی، ٣٢ ئیدارەی گەرمیان، ٨٣ لە دھۆک و ٢٠ لە ھەڵەبجە بووە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٣٢٤ ھەزار و ٣٨٠ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ١٢٨ ھەزار ٢٧٨ لە ھەولێر، ٨٩ ھەزار و ٥٩٠ لە سلێمانی، ١٠٣ ھەزار و ٤٦٩ لە دھۆک و سێ ھەزار و ٤٣ لە ھەڵەبجە بووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا ئەوەیش ئاشکرا کراوە کە لە کۆی ٢١ ھەزار و ٨٧١ ھاووڵاتیی کەرەنتینکراو، ٢١ ھەزار و ٨٧١ ھاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواوکردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھیچ ھاووڵاتییەک کەرەنتین نەکراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەیشتووەتە ٢٩ ھەزار و ٩٢٦ کەس کە، ١٢ ھەزار و ١٥٣ لە ھەولێر، ١٢ ھەزار و ١٨٧ لە سلێمانی، چوار ھەزار و ٦٣٦ لە دھۆک و ٩٥٠ کەسیش لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ھەزار و ١٢٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٤٢٦ لە ھەولێر، ٦٢١ لە سلێمانی، ٦١ لە دھۆک و ١٧ حاڵەت لە ھەڵەبجە بووە.