Ali Cura
04 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2019
سۆچی - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە ئەمریکا پلان بۆ دروستکردنی بەرەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە بۆشایی ئاسمان دادەنێت و گوتی: "ئیدارەی سیاسیی - سەربازیی ئەمریکا، بۆشایی ئاسمان وەک شانۆیەک دەبینێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکانیان".
پوتین، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە پێشخستنی کەشتیگەلی دەریایی رووسی کە لە سۆچی رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کرد لە بۆشایی ئاسمان.
سەرۆکی رووسیا، لە گوتارەکەیدا باسی لە چالاکبوونی وڵاتە زلھێزەکانی جیھان کرد لە پێشخستنی سیستمەکانی سەربازیی لە بۆشایی ئاسمان و نوێکردنەوەی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا پلانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە بۆشایی ئاسمان داناوە.
پوتین گوتی: "ئیدارەی سیاسیی - سەربازیی ئەمریکا، بۆشایی ئاسمان وەک شانۆیەک دەبینێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکانیان".
ڤلادیمیر پوتین، جەختی لەوەشکردەوە کە رووسیا لە دژی پرچەککردنی بۆشایی ئاسمانە و گوتی: "بە گەشەسەندنی ئەم دۆخە پێویستە ئێمەش بواری کەشتیی ئاسمانی و مووشەکیی لە بۆشایی ئاسمان بەھێزبکەین".
سەرۆکی رووسیا، لە ئەزموونیانەوە لە شەڕەکانی سووریاوە، داوای کرد پەرە بە سیستمی ئەلیکترۆنی جەنگ بدرێت لە سوپا.