Mohammed Baqi Hussein,Hemın Othman Mohammed
05 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2016
- سه‌رۆكی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما و سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین، باسیان له هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ریی و ئاگربه‌ست كرد سه‌باره‌ت به جه‌نگی ناوخۆی سووریا.
- بەرپرسێکی کۆشکی سپی: "ھەرچەندە لە دواین کۆبوونەوەکانی جنێڤدا چەند ھەنگاوێک بۆ دواوە نرا، بەڵام پێموایە ئەمڕۆ لانیکەم گەڕاوینەتەوە ئەو شوێنەی دەستمان پێ‌کرد و ئەمە راستی کارەکەیە".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما و سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین، باسیان له هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ر و ئاگربه‌ست كرد سه‌باره‌ت به جه‌نگی ناوخۆی سووریا.
ئۆباما و پوتین، كه به‌مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له لوتكه‌ی جی 20، سه‌ردانی شاری هانگژۆ چین یان كردووه، كۆبوونه‌وه.
سه‌ره‌تا ئۆباما و پوتین سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شانده‌كانیان كرد و، پاشان بۆ ماوه‌ی یەک کاتژمێر و نیو كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵیان ئەنجامدا و تاوتوێی بابه‌ته‌كانی سووریا و ئۆكرانیایان كرد.
گوته‌بێژی راگه‌یاندنی كرملین، دیمیتری پێسكۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئۆباما و پوتین، كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامداوه و ماوه‌ی کۆبوونەوەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دریژتر بوو، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر باش بوو، و كاره‌كانیش به‌رده‌وامن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بەرپرسێکی كۆشكی سپی، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌ردوو سەرۆک هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئه‌و هه‌وڵانه كردووه كه ده‌نرێن بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له سووریا، گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌لقاعیده، به‌ره‌ی نوسره و داعش و، گوتی: "هه‌موو ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی به‌یانی ئه‌نجامدراون، به كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتیشه‌وه كیری و لاڤرۆڤ، هه‌موویان پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه بینیووه".
به‌رپرسه‌كه‌ی كۆشكی سپی، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ئه‌و كێشانه‌ی له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ن بابه‌تی ته‌كنیكییه و گوتی: "هه‌رچه‌نده له دواین كۆبوونه‌وه‌كانی جنێڤدا چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ دواوه نرا، به‌ڵام پێموایه ئه‌مڕۆ لانی كه‌م گه‌ڕاوینه‌ته‌وه ئه‌و شوێنه‌ی ده‌ستمان پێكرد و ئه‌مه راستی كاره‌كه‌یه".
به‌رپرسه‌كه رایگه‌یاندووه، ئۆباما جه‌ختیكردووه‌ته‌وه له‌ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و رووسیا سه‌باره‌ت به سووریا، چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا خێرایی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی كۆشكی سپی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه ئه‌مریكا له‌ئێستادا ده‌یه‌وێت ئاگربه‌ستێك رابگه‌یه‌نرێت له‌سایه‌یدا یارمه‌تیی مرۆیی بگه‌یه‌نرێته لێقه‌وماوانی جه‌نگ له سووریا و رایگه‌یاندووه: "له‌به‌رنامه‌دایه ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌زیری ده‌ره‌وه كیری له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ كۆبێته‌وه. ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێك ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌ر ئه‌و قه‌یرانه مرۆییه‌ی له‌ئارادایه ده‌مانه‌وێت ساتێك زووتر ئه‌نجام بدرێت. به‌ڵام ده‌بێت له‌وه دڵنیابینه‌وه كه ئه‌و رێككه‌وتنه رێككه‌وتنێكی باش ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره گفتوگۆكان درێژه پێده‌درێت".
چه‌ند كاتژمێرێك له‌مه‌وبه‌ر كیری و لاڤرۆڤ له چین كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا. به‌ڵام ئه‌و دوو دیپلۆماتكاره كه له‌هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاگربهستێكدان له‌سایه‌یدا یارمه‌تیی مرۆیی بگه‌یه‌نرێته لیقهوماونی سووریا رایانگه‌یاند، نه‌یانتوانیووه بگه‌نه رێككه‌وتن.