Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
سلێمانی-AA
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار دوای سەردانیكردنی بنكەیەكی تۆماركردنی بایۆمەتری تایبەت بەهەڵبژاردنەكان لە شاری سلێمانی و تۆماركردنی ناوی خۆی لەو بنكەیە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و پرسی گەندەڵی و پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و هێزی پێشمەرگە و دۆخی ناوخۆی حزبەكەی كرد.
مەلا بەختیار سەرەتا لە بارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە گوتی: "زۆر گرنگە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو كە تانەو تەشەر زۆر بوو لەسەر ئەوەی گزی دەكرێت و حزبەكان شایستەی هەڵبژاردنی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەم هەڵبژاردنە بەپێی ئەلیكترۆنی دەكرێت و وەك یەكێتی بەلامانەوە گرنگە و ناوی خۆمان تۆماركردووەتەوە لە بەغدا و ئومێدەوارین هەموو ئەوانەی گلەییان هەبوو پەرۆشتر بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی باشتر و ناوی خۆیان تۆمار بكەن".
مەلا بەختیار لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا و لە بارەی ناكۆكییەكانی ناو حزبەكەیەوە، نەیشاردەوە كە ناكۆكی هەیە و داوای چارەسەركردنی دەكەن، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "تەنها یەك كۆبوونەوە بەشداری كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیم نەكردووە. لە كۆبوونەوەكان بەشداری دەكەم و بەشدارینەكردنی ئەوجارەشم تەنها پەیوەندی بەباری تەندروستیمەوە نەبوو، بەڵكو تێبینی و رەخنەم هەیە و لە چوارچێوەی حزبەكەی خۆم هەوڵی چارەسەركردنی دەدەم".
ئەو هەروەها گوتی: "ململانێكەم لەنێوان حزبەكەی خۆم دەبێت، ئەگەر وەك یەكێتی نەتوانین گەندەڵكارانی ناوخۆمان سزا بدەین و رێوشوێنی حزبی و قانونییان بەرامبەر بگرینە بەر ئەوكات بەڕاستی یەكێتی و ئیعلام و ئۆرگان و بەرپرسی یەكێتی بۆی نییە داوا لە حكوومەت و لایەنەكانی تر بكات گەندەڵكار سزا بدرێت، بۆیە دەبێت لەناوخۆمانەوە دەست پێبكەین و ئەو كەسەی لەسەری دەسەلمێندرێت نەوەك ئەوەی پڕوپاگەندەی لەسەر دەكرێت لەهەر شارێكی كوردستان گەورە یان بچووك بێت، نابێت گەورەیی ببێتە بەربەست لەبەردەم سزا و دەبێت گەورە پێش بچووك سزا بدرێت".
سەبارەت بەداخوازی و نیگەرانییەكانی لەناو حزبەكەیدا، مەلا بەختیار لە وەڵامدا گوتی: "داخوازیەكەم لە حزبەكەم هەیە كە ئەویش ئەوەیە ماوەیەكە ئەم حزبەی ئێمە تووشی كێشە بووە و پێویستی بەوەیە سیستمی حزبایەتیمان فۆرمات بكەینەوە و دابڕێژینەوە و هەیبەت بگێڕینەوە بۆ ئۆرگانەكانی ئەم حزبە كە دووساڵە تووشی كێشە بووە، بەبێ گێڕانەوەی هەیبەت بۆ ئۆرگانەكانی ئەم حزبە مەحاڵە بتوانین بڕیارەكانی مەركەزی و مەرجەعی ئەم حزبە ببەینەوە ناو جومگە سروشتییەكانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەم حزبە".
ئەو باسی لەوەشكرد هیچ كێشەیەكی شەخسی نییە و ناكۆكی لەگەڵ كەس نییە "هیچ شتێكی شەخسیم لەگەڵ دكتۆر نەجمەددین (پارێزگاری كەركووك) و وەزیر و گزیر نییە، كێشەكە شەخسی نییە و سیستمێكە قسەی لەسەر دەكەم و لە حكوومەت قسە لەسەر سیستەم دەكەم و لە حزبەكەشم قسە لەسەر سیستەم و پەیڕەوی ناوخۆ و مەرجەعیەت و مەركەزیەتی حزبەكەم دەكەم، دكتۆر نەجمەددین لەسەر نەوتی كەركووك قسەی لەسەرە و ئەویش لەو چوارچێوەیەدا قسەی لەسەر دەكەین".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەی لایەنەكان و پێویستی چارەسەركردنی دۆخەكە كرد و گوتی: "سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریداوە لە دوای نەورۆز دەست بەكۆبوونەوە بكات و بەرنامەیەكیش دادەنێین بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، بێگومان ئێستا زۆرترین كێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان پارتی و هەموو لایەنەكاندایە، بەتایبەتی یەكێتی مەعنی ترە لە حزبەكانی تر، لەگەڵ پارتی لەسەر جومگە بنچینەییەكان بكەوینە گفتوگۆ كە هەموومان گیرمان خواردووە بەدەستیەوە و لەسەر ئەو جومگانە بكەوینە گفتوگۆ، باوەڕم وایە پارتی دەكەوێتە پێش لایەنەكان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان یەكێتی و پارتی پاشان لایەنەكانی تر" .
ئەو ئەوەشی گوت: "رێزمان بۆ هەموو لایەنەكانی تر هەیە و پێمان وایە ئێستا كاتی ئاشتەوایی نیشتمانییە، كاتی چارەسەری كۆی كێشەكانە لەگەڵ هەموو لایەنەكان و لەنێوان هەموو لایەنەكان بۆ گەلەكەمان" .
بەرپرسەكەی یەكێتی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی دوای نەورۆز بەرنامەی دیدار و كۆبوونەوەكان دادەنێنەوە و پارتی دیموكراتی كوردستان جەمسەرێكی گرنگی گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانە، ئاماژەی بەوەش كرد تائێستا هیچ حزبێك كاندیدی نەبووە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
مەلا بەختیار زیاتر لەسەر پرسی گەندەڵی قسەی كرد و گوتی: "دیاردەی گەندەڵی ئەوەندی قێزەونە، ئەوەی من پێشتر لەناو حزبەكەی خۆم گوتوومە ئێستا زەقترم كردووەتەوە، ئەگینا خەڵك هەمووی باسی دەكات و گەندەڵی ژیانی خەڵكی خستە مەترسییەوە و قەیران و بەدبەختی و مشەخۆری دروستكرد، ئەوەش لە یەك حزبدا نییە و هەركەس هەڵوێستی بەرامبەر گەندەڵی هەبێت قسەی ناخی خەڵك دەكات".
سەبارەت بەدۆخی شنگال و شەڕو پێكدادانەكان، مەلا بەختیار هەڵوێستی حزبەكەی روونكردەوە و گوتی: "ئەو شەڕەی لە شنگال رووی دا ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێرارەوە پێشبینی ئەوەمان كردووە كە پێشبینیشمان كرد یەكەم حزب كە قسەمان لەگەڵ كردن قەندیل (پەكەكە) و پەیەدە بووە و رای راشكاوی یەكێتیمان پێگوتون كە ئەو كێشەیە دەبێت بەسیاسی و ئیداری و رێكکەوتن چارەسەر بكرێت، بەهیچ شێوەیەك ناكرێت ئەو كێشەیە پارتی و پەكەكە و پەیەدە رابكێشێت بۆ شەڕ كە شەڕ بوو ئەوكات یەكێتی لەگەڵ هیچ لایەكیان نابێت دژی لایەكەی تر و نابین بەكێشەی هیچ حزبێك دژی حزبەكەی تر".