Sarmand Hameed
08 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە میانی ئەمساڵدا كردووهتهوه و ئاشكرایكردووه نابێت چیتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخرێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، ماوریتزیۆ گرێگانتی کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە کۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر، میکێلێ کامێرۆتا ئامادەی بووه، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تاوتوێ کراون.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووه بە تاوتوێکردنی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان. لەوبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ئەوەی دووپات کردەوە کە "پێویستە لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و نابێت چیتر دوا بخرێت".
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر لە میانی دیدارەەکەدا باڵیۆزی ئیتاڵیا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی كردووه لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کارکردن لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە تایبەتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دووپات کرایەوە.