Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز کرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا کە وەزیری ناوخۆی ھەرێمی حکوومەتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی کراوە. جەختیش لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان ھەولێر وبەغدا بەپێی دەستوور کراوەتەوە.
بهپێی ههواڵهكه هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی ھەبوونی ھەماھەنگیی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
ھەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێز لە داواکاریی ئاشتیانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بگیرێت و، ھەروەھا پشتگیرییش لە ھەنگاوە چاکسازییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی دەکەن.